زانستە مرۆڤایەتییەکان لێکجیاکرایەوە

دوو كۆلێژی نوێ لە زانكۆی راپەڕین دەكرێنەوە

شۆڕش قادری

بە فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم بە وەکالەت، دوو كۆلێژی نوێ لە زانكۆی راپەڕین دەكرێنەوە.

زانکۆی راپەڕین فەرمانێکی وزاری بڵاوکردووەتەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە 14.9.2025 دەرچووە و ئیمزای حەمەی حەمەسەعید وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە وەکالەتی لەسەرە.

بەپێی ناوەرۆكی فەرمانەکە بڕیاردراوە بە لێكجیاكردنەوەی كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان بۆ سێ كۆلێژ؛

-كۆلێژی یاسا و خوێندنی ئیسلامی كە هەردوو بەشی یاسا و بەشی خوێندنی ئیسلامی لەخۆدەگرێت.

-كۆلێژی كارگێڕی و دارایی كە هەرسێ بەشی ژمێریاری، بەشی بیمە، بەشی بەڕێوەبردنی كار لەخۆدەگرێت.

-هەروەها كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان.

سەرۆكایەتی زانكۆی راپەڕینەوە، پیرۆزبایی كردنەوەی ئەم دوو كۆلێژە تازەیە لەستافی ئەكادیمی و ئیداری كۆلێژەكان و كۆی ستافی زانكۆی راپەڕین دەكات و هیوا دەخوازن، ئەم هەنگاوە كاریگەری زۆری هەبێت لەسەر زیاتر فراوانكردنی زانكۆی راپەڕین و گەشەپێدانی ژێرخانی زانستی زانكۆكە و كردنەوەی كۆلێژ و بەشی زیاتر لەزانكۆكەدا.

وێنەیەکی فەرمانەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم لە خوارەوە؛

دوو كۆلێژی نوێ لە زانكۆی راپەڕین دەكرێنەوە