350 دەزگای چاپ و کتێبفرۆشی بەشدار دەبن

پانزەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب هەگبەکەی پڕە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

لەپانزەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب ملیۆنێک و 500 هەزار ناونیشانی کتێب نمایش دەکرێن و 10 رۆژ دەخایەنێت.

پێشانگایەکە لە 8ـی مانگی داهاتوو بە دروشمی “سەردەم و شارستانی” لەناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان لەشاری هەولێر دەکرێتەوە و تا 18.3.2023 بەردەوام دەبێت.

بەهۆی کۆڤید19، لە دوو ساڵی رابردوودا پێشانگای کتێب لە هەولێر نەکرایەوە، بەهۆی مانگی رەمەزانیش پارساڵ دیسان پێشانگایەکە نەکراویەوە.

چواردەیەمین پێشانگای کتێب لە هەولێر ساڵی 2019 بەڕێوە چوو.

دەزگای مەدا، کە دەزگایەکی رۆشنبیری و هونەرییە سەرپەرشتیی پێشانگاکە دەکات و لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: ئەمساڵ 350 دەزگای چاپ و کتێبفرۆشی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی بەشداری دەکەن.

راگەیەندراوەکەی دەزگای مەدا ئەوەشی ئاشکرا کردووە کە لەپەراوێزی پێشانگایەکە 80 کۆڕ و سیمینار بۆ نووسەرانی بەشدار رێک دەخرێن.