"داخستنی سۆشیاڵ میدیا هۆکار بوو"
هاوڵاتییەکی نیپاڵی باسی گرژی و ئاڵۆزی وڵاتەکەیان دەکات
964+
رێباز خدر – هەولێر
ماوەی چەند رۆژێکە گرژی و ئاڵۆزی لە وڵاتی نیپاڵ و بە تایبەت لە کاتمەندۆی پایتەختی وڵاتەکە دروست بووە، رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیانی ئەم وڵاتە بۆ کارکردن لە شارەکانی هەرێمی کوردستانن، رۆژانە بە بەردەوامی بە دوای هەواڵ و گۆڕانکاریەکانی وڵاتەکەی خۆیانن، تاکو بزانن بارودۆخەکە دەگات بە کوێ.
دیرەج سونەری، هاوڵاتیەکی نیپاڵیە و ماوەی 12 ساڵە لە شاری هەولێرە، ئێستا خاوەنی چێشتخانەیەکی بچوکە لە عەنکاوە، کە تایبەتە بە خواردنی نیپاڵی بە 964ـی وت، ئەو گرژیە، سەرەتا بەهۆی داخستنی سۆشیاڵ میدیا بوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی، کە بووە هۆی ئەوەی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا بێنە سەر شەقام و داوای کردنەوەی بکەن، بەڵام ئەوان بە توندوتیژی و گولـلە وەڵامیان دانەوە، جگە لەوەش خراپی بارودۆخی ئابووری خەڵکەکە و وە نەبوونی هەلی کارە بە تایبەت بۆ گەنجان.
وتیشی، گروپێک هەیە بە ناوی “جەنجی” کە لە گەنجی تەمەن 13 ساڵ تاکو 28 ساڵی پێکهاتوون و بە نەوەی نوێی وڵاتەکە ناو دەبرێن، لە سەرانسەری شارەکانی وڵاتەکە دا بوونیان هەیە و بە شێوەیەکی خۆڕسک دروست بوون.
باسی لەوەشکرد، لە ماوەی ئەو چەندە رۆژە زیاتر لە 20 کەس کوژراون بە دەستی پۆلیس، ئەوەش بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکەوە بووە و ئێستا وەزیر و سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە هەڵهاتوون و وە سوپای وڵاتەکە دەسەڵاتی گرتووەتە دەست و ئەوان لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیانن.
وڵاتی نیپاڵ، دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا، هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی چین و هیندستان، ژمارەی دانیشتووانانی زیاتر لە سێ ملیۆن کەسە، بەشێکی زۆری هاوڵاتیانی لە وڵاتانی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەراست کار دەکەن، بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری وڵاتەکەیان.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر