سەرچاوەى ئاوى سەرچنار
نامەیەکى کراوە بۆ قوباد تاڵەبانى:
“بیناسازی زۆر و تاشە کۆنکرێت نیشانەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی شار نییە”
وریا فەتاح
دەستەی داکۆکیکردن لە سروشت و موڵکی گشتیی سلێمانی لە نامەیەکی کراوەدا بۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت، هۆشدارییەکی توند دەدات لەبارەی “شێواندن و پلانی دەستکاریکردنی” زەوییە پارێزراوەکانی چوار دەوری هاوینەهەواری سەرچنار و دەڵێت، ئەم کارە گەنجینە و عەمباری ئاوی ژێر زەوی سەرچنار دەشکێنێت و لەناوی دەبات، کە 37%ـی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی شارەکە دابین دەکات.
بەگوێرەی نامەکە کە وێنەیەکی بۆ 964 نێردراوە، تێیدا هاتووە،” بیناسازی زۆر و تاشە کۆنکرێت نیشانەی گەشەسەندن و پێشکەوتنی شار نییە، بەڵکو هەموو ئەم فراوانخوازییەی کە لە شاری سلێمانیدا روودەدات تەنها تێکدانی ئیکۆسیستمی شار و کەلتوور و شوناسەکەیەتی، ئەو شوناسەی کە هیچ داگیرکەرێک لە رابردوودا نەیتوانییوە بیگۆڕێت”.
“لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بەبەردەوامی هەموو لایەکمان ئاگادارکردۆتەوە لەو بارودۆخەی کە شاری سلێمانی پیایدا تێپەڕ دەبێت کە رێژەیەکی زۆرە لە سەرپێچی و پێشێلکاری لە ماستەرپلانی سلێمانیدا، روویداوە، بەشێوەیەک تا ئەم کاتە 15 سەرپێچی و پێشێلکاری گەوەرە کراوەتە سەر زەوی پارێزراو و کشتوکاڵییەکانی، ئەمە تەنیا لە ناوجەرگەی شارەکەدا، ئەم پێشێلکاری و سەرپێچیانە رۆژانە فراوانتر دەبن و دەسەڵات خۆی پاڵپشتوو بکەری سەرەکییە لە رێگەی کۆمپانیاکانی بیناسازەییەوە”، لە نامەکەدا وا هاتووە.
روونیشکراوەتەوە، ئەوەتا لە رێى میدیا و بەڵگەنامەکانەوە هەواڵی شێواندن و پلانی دەستکاریکردنی ئەو زەوی پارێزراوانەی کە لە چوار دەوری هاوینە هاواری سەرچنار و گوڕینێتی لە زەوی پارێزراوەوە بۆ زەوی نیشتەجێبوون و تەلارسازی و بازرگانی پەخش دەکرێت کە بەسەر 5 زۆندا دابەشکراون، کە لە بنەڕەتدا دەبوایە ئەم ناوچانە سەوزپۆشبکرانەیە بۆ پارێزگاریکردن لە رارەوە ئاوییەکانی سەرچنار و پاراستنی ئیکۆسیستمی شارەکە.
دەستەکە دەڵێت: بە دروستکردنی ئەم پرۆژانە گەنجینەو عەمباری ئاوی سەرچنار و چینەکانی ژێر زەوی دەشکێن و لەناو دەچن و دەبنە هۆکاری دابڕانی پاکژترین ئاوی ژێر زەوی کە لە ناوچەی گۆیژەوە و شێرکوژ، سەرچاوە دەگرن و دەڕژێنە ناو ئاوی سەرچنارەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتەکانی پێشوو هەمیشە ئەم ناوچانەیان بەرزنرخاندووە و وەک زەوی پارێزراو مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، چونکە ئەم زەوییانە بوونەتە سەرچاوەیەکی گەورەی رارەوی ئاویی ژێر زەوی سەرچاوە سەرەکەییەکانی ئاوی سەرچنار، هەربۆیە تا کۆتایی ساڵانی نەوەدەکان ئەم ناوچەیە هەر بە سەوزی و چواردەوەی بە کشتوکاڵ و باخداری مابۆوە.
لە نامەکەیاندا بۆ قوباد تاڵەبانى، دەستەکە وتویانە،”رەنگە بەبەردەوامی بانگەشەی دروستکردنی رێزرڤوار و گۆمی چەقچەق بدەن بە گوێماندا وەک ئەڵتەرناتەڤێک بۆ ئاوی سەرچنار و زەوییەکەی چواردەووری، بەڵام گۆمی چەقچەق بارتەقای ئاوی پاکژی سەرچنار ناکاتەوە کە لە 37%ـى ئاوی پاکژ دابین دەکات بۆ خەڵکی سلێمانی.
پێشیانوایە، گۆمی چەقچەق یان ئەوەی کە ناوزەندی دەکراوە بە (بەنداوی چەقچەق) گۆمێکی پاڵپشتە بە باراناو .
“هەر بۆیە دەمانەوێت ئێوە و خەڵکی شاری سلێمانی، لەم قۆناغە مەترسیدار و هەستیارە ئاگادار بکەینەوە و بە دەسەڵاتی جێبەجێکاری شاری سلێمانی بڵێین جارکی تر ئاگادرای هەموو ئەو قۆرغکاری و سەرپێچیانە هەین کە لەشارەکەدا بە رۆژی رووناک پەیڕەو دەکرێن، جەخت لەوە دەکەینەوە کە ئەم پێشێلکاری و سەرپێچیانە بوەستێنن کە تەواوکەری ئەو زنجیرە پێشلکارییانەی کە کراوەتە سەر ناوچەی گۆیژەو هەموو ناوچەکانی تر چونکە لە کۆتایدا ئەم شاڵاوەتان دەستدرێژییە بۆ سەر موڵکی گشتی و تینووکردنی خەڵکی شاری سلێمانییە”، وا دەڵێن.