وه‌رتێ داوای نه‌خۆشخانه‌ی 24 كاتژمێری ده‌كات
+964
ئاسۆ وەرتی ــ سۆران
بەهۆی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتوان و قەرەباڵغیی ناوچەکە و گەشتوگوزار لە وەرزی هاویندا، نەبوونی به‌شی فریاکەوتنی 24 کاتژمێری، هاوڵاتیانی وه‌رتێی ناچار كردووه بۆ چاره‌سه‌ر روو له ناوه‌ندی ئیداره‌ی سۆران و رانیە بکەن.
تۆڕی 964 ده‌زانێت، به‌هۆی نه‌بوونی فریاكه‌وتنی خێرا و 24 كاتژمێری، چه‌ند جارێك نه‌خۆش له وه‌رتێ و ده‌وروبه‌ری تا گه‌یشتووه‌ته نه‌خۆشخانه‌ی سۆران گیانی له‌ده‌ستداوه.
هاوڵاتیان باس لە گرفتەکە دەکەن و نیگەرانن تا ئێستا حکومەت ئەو بەشەی بۆ دابین نەکردوون.
هەڵەموند حوسێن هاوڵاتییه‌كی وه‌رتێیه، بە تۆڕی 964ی وت “وەک دانیشتووی ناحیەی وەرتێ، لە رووی کەرتی تەندروستی زۆر لەدواوەین، بۆ ساده‌ترین نەخۆشی دەبێت بچینە سۆران و رانیە، چەند ساڵێكه داوای بەشی فریاکەوتنی 24 کاتژمێری ده‌كه‌ین، بینا و هەموو شتەکانی تەواو بووە، به‌ڵام نه‌كراوه‌ته‌وه”.
ساڵی 2021 لەسەر ئەرکی خێرخوازان بینای نەخۆشخانەی وه‌رتێ دروستکراوە ، هەموو کەلوپەل و پێداویستەکانی بۆ دابینکراوە، بەڵام تا ئێستا پزیشك و کارمەندی بۆ دابین نەکراوه.
د. کاروان حه‌مه‌د، بەڕێوه‌بەری تەندروستیی سۆران بە تۆڕی 964ی راگەیان، بە هۆی کەمیی کارمەند و پزیشكه‌وه نەیانتوانیوە نەخۆشخانەکە بکەنە 24 کاتژمێری.
ئه‌و ده‌ڵێت “ئەو کارمەندانەی ئێستا لە نەخۆشخانەکەدان، ناتوانن دوو شه‌فت کار بکەن، پێویسته کارمەندی گرێبەست دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی دەوام ببێتە 24 کاتژمێری، هەروەها گرفتی مانەوەی شوێنی پزیشك و کارمەندان هەیە و دەبێ تەواوی خواردن پێداویستی مانەوەیان بۆدابین بکرێت”.
“هەوڵ ده‌ده‌ین لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە هاوئاهه‌نگی له‌گەڵ بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ، چارەسەری ئەو گرفتانە بکەین و به‌شی فریاكه‌وتنی 24 كاتژمێری ده‌كه‌ینه‌وه” د. کاروان حه‌مه‌د وای به تۆڕی 964 وت.
ناحیەی وەرتێ لە رووی ئیدارییه‌وه سەر بە قەزای رواندزە، لە 10 گوند پێكدێت، سەنتەری ناحیەی وەرتێ ژمارەی دانیشتوانی لە 500 ماڵ زیاتره، هاوكات به هۆی هەڵکەوتەی جوگرافییه‌وه شوێنێکی گەشیارییە، هه‌روه‌ها هاوڵاتیانی ناوچه‌كه بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵه‌وه خەریکن.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا