“مەرجە لە دەرەوەی سنووری شارەوانییەکان بەخێو بکرێن”

پوورەی هەنگ بەسەر دەرچووانی بەشە کشتوکاڵییەکاندا دابەش دەکرێت

میدیازان – پێشەوا محەمەد – سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی GIZـی ئەڵمانی چوار پوورەی هەنگ دەدات هەر دەرچووەیەکی بەشە کشتوکاڵییەکان، بە مەرجێک لە دەرەوەی سنووری شارەوانییەکان بەخێویان بکات.

“پورەی هەنگ بەسەر دەرچووانی بەشە کشتوکاڵیەکان دابەش دەکرێت”

شاڵاو جەمال، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە میدیازانی راگەیاند: هەوڵەکە بە مەبەستی دەستگرتنی دەرچووی بەشە کشتوکاڵییەکانە تا بتوانن لەوە ببنە خاوەن پڕۆژەی خۆیان.

بە پێی زانیاریی بەڕێوەبەرایەتییەکە، مەرجە ئەوانەی خوازیاری بەشدارین دەرچووی بەشی کشتوکاڵی بن و دانەمەزرابن و ئارەزووی بەخێوکردنی هەنگیشیان هەبێت.

“ئەم پڕۆژەیە یەکەم جارە ئەنجام دەدرێت و چاودێریی دەکەین ئەگەر بزانین بەسوودە هەم ژمارەی هەنگەکان زیاد دەکەین هەم ساڵانی داهاتووش بەردەوام دەبین”، شاڵاو جەمال وای وت.

وەرگرتنی پوورە هەنگەکان مەرجی زیاتری هەیە، لەوانە: تەمەنی لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ ساڵ بێت و لە دەرەوەی سنووری شارەوانییەکان بەخێو بکرێن و دەبێت کەسەکە بەشداریی خولی تایبەت بکات کە ڕێکخراوە ئەڵمانییەکە دەیکاتەوە و هەرکاتێکیش هەنگەکان کێشەیان هەبوو ئەوا بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ ئاگادار بکاتەوە.

“پڕۆژەکە سوودی هەبێت ژمارەی هەنگەکان بۆ ساڵانی داهاتوو زیاد دەکەن”

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵ وتیشی: “پڕۆژەکە سەرجەم دەرچوانی زانکۆ و ئامادەیی و پەیمانگا بە سەرجەم قەزا و ناحییەکانی پارێزگای سلێمانی دەگرێتەوە.”