پۆلیسی زاخۆ:
“دوو هاوسەر بە هەژمار و ئەكاونتی ساختە پارە و كارتیان لە خەڵك وەرگرتووە و قۆڵبەست كران”
ئەرسەلان عەبدوڵا
پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، ژن و پیاوێكیان گرتووە، كە هاوسەری یەكترن و ئەوان بە هەژماری ساختەی سۆشیال میدیا قۆڵی دەیان كەسیان بڕیوە و پارە و كارتیان لێ وەرگرتوون و ناچاریان كردوون.
ئەحمەد رەمەزان شالی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی زاخۆ، لە ڤیدیۆیەكدا ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 8.9.2025 كە خستوویانەتە گروپی رۆژنامەنوسان روونیدەكاتەوە، هەردوو هاوسەرەكە خەڵكی زاخۆ نین، لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ژمارەی تەلەفۆن و هەژماری ساختەوە، فێڵیان لە سەدان هاوڵاتی كردووە و ناچاریان كردوون پارەیان بۆ بنێرن، بەڵام لە لایەن نووسینگەی نەهێشتنی تاوانەكانی باتیفاوە دەستگیر كراون و دانیان بە تاوانەكانیادا ناوە.
هەروەها دەڵێت، لە لایەن ئەو دوو كەسەوە ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتی لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و پارێزگای دهۆك فێڵیان لێكراوە و كارتی مۆبایل و پارەیان لێ وەرگیراوە و ناچار بەوە كراون پارەیان بۆ بنێرن، بەڵام روونكراوەتەوە چۆن ناچار كراون.
ئاماژە بەوەش دەكەن، دوو تۆمەتبارەكە ماوەی ساڵێكە خەریكی ئەو قۆڵبڕینەن و خەڵكیان ناچار كردووە پارەیان بۆ بنێرن لە رێگەی چەند ئەكاونتێكی ساختەی سۆشیال میدیا و سیم كارتەوە.