ئاگاداری ئەم جۆرە فێڵە بن

بەناوی مانگی سوورەوە پەیوەندی بە کرێچییەکەوە کراوە و پێی وتراوە خانووت بۆ دەکڕین

964+

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر بە فێڵ و بەناوی مانگی سوورەوە پەیوەندی بە هاوڵاتییەکی کرێچییەوە کراوە و پێی وتراوە خانووت بۆ دەکڕین، بەڵام فێڵەکە ئاشکرا کراوە و لایەنی پەیوەندیدار لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7.9.2025 (د. س) کوڕە گەورەی ئەو ماڵە بە 964ـی وت، “کاتژمێر 10 بەیانی دوێنێ تەلەفۆنێک بۆ دایکم هاتووە و پێیانوتووە لە رێکخراوی مانگی سووری هەولێرەوە پەیوەندی دەکەن و پاش چەند پرسیارێک لەسەر ناو و ژمارەی خێزان داوای رەقەم مۆبایلی باوکیان کردووە”.

باسی لەوەشکرد، هەر دوێنێ چوار جار پەیوەندی بە دایک و باوکی ئەو هاوڵاتییەوە کراوە و دواتر پێیانوتراوە دوو کارتی 200 هەزار دیناری ئاسیا بکڕن و کۆدی کارتەکانیان بۆ بنێرن، ئەوانیش بە فێڵەکەیان زانیوە.

سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە ئارام خۆشناو بەڕێوبەری راگەیاندنی كۆمەڵەی مانگی سووری هەولێر، ئەو وتی، “ئەم بابەتە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە و نییە چەند جارێكی دیکەش شتی وا روویداوە، داوایش دەکەین ئێوە بڵاوی بکەنەوە بۆ ئەوەی بەم شێوەیە فێڵ لە هاوڵاتیان نەکرێت”.

هێلی گەرمی پۆلیسی هەولێریش بە 964ـی وت، با ئەو خێزانە لە نزیکترین کاتدا سکاڵا تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش هەوڵی دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران بدەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

"کوڕێکى تورک فێڵ لە زێرەنگەران دەکات"

"بە تاپۆی ساختە فێڵ لە کوڕەکەم کراوە؛ دوو دەفتەر پارەی خوراوە"