بە کۆپتەر بۆى دابەزیون
دەستگیرکردنی باوکی چەکدارێکی داعش لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشدا لە حەویجە
کاروان ساڵحى- کەرکوک
لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق و چەند هێزێکی دیکەدا، باوکی چەکدارێکی داعش دەستگیرکرا، ئەوەش لە کاتێکدا کوڕەکەی بە مەبەستی سەردان گەڕابووەوە بۆ لای باوکی لە گوندی حەلەوات، سەر بە قەزای حەویجە.
سەرچاوەیەکی ئەمنى وێنە و ڤیدیۆی ئۆپەراسیۆنەکەی بۆ “964” نارد و رایگەیاند: “کاتژمێر 2ـی شەو، بە رێگەی دوو کۆپتەر، هێزێکی دژە تیرۆری عێراقی بە هاوبەشی لەگەڵ چەند هێزێکى تر، لەسەر ماڵی کەسێک بە ناوی موحسین ئەحمەد مەزهور لە گوندی حەلەواتی سەر بە قەزای حەویجە نیشتنەوە و خاوەن ماڵەکەیان دەستگیرکرد.”
ئاشکراى کرد، موحسین ئەحمەد مەزهور برای فەرماندەیەکی سەربازییە لە ریزەکانی چەکدارانی داعش بە ناوی فارس ئەحمەد مەزهور، هەروەها کوڕێکی خاوەن ماڵەکەش چەکدارە لەناو داعش.
وەک باسى دەکات، دابەزینی ئەو هێزە لە کاتێکدا بووە کە کوڕە چەکدارەکەی داعش لەگەڵ دوو چەکداری دیکە لە شاخەکانەوە گەڕابوونەوە بۆ لای باوکیان لە گوندی حەلەوات، بەڵام پێش گەیشتنی هێزەکان، ئەوان هەڵهاتبوون بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرچاوەکەی “964” وتیشی: “فارس ئەحمەد مەزهور، برای خاوەن ماڵەکە، فەرماندەیەکی باڵا بووە لە ڕیزەکانی چەکدارانی داعش و دەستی لە زۆربەی شەڕەکانی دژ بە هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگەدا هەبووە، هەروەها دەیان گەنجی بێ تاوانی لە بەردەم کەسوکاریان قەتڵوعام کردووە.” دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لە کەمپی حەسەن شام خۆی حەشار دەدات، پاشان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵدێت و تا ئێستا هیچ کەسێک شوێنەکەی نازانێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح