مانگا مرد و دۆ بڕا

هۆشدارییەک بۆ دانیشتوانى قەڵادزێ” دەست بە ئاوەوە بگرن”

وریا فەتاح

لە رۆژى پێنجشەممەوە ئێران ئاوى زێى بچوکى گرتووەتەوە، بەهۆیەوە کێشە بۆ ئاوى ماڵانى قەڵادزێ دروست بووە، بەرپرسانى ئاو هۆشدارى بە دانیشتوان دەدەن کە ئەو ماوەیە “دەست بە ئاوەوە بگرن” و بەفیڕۆى نەدەن.

سەرچاوەى سەرەکى ئاوى قەڵادزێ لە زێى بچوکە، ئەوکاتەى ئێران ئاوى زێیەکە دەگرێتەوە راستەوخۆ کێشە بۆ دانیشتوانى قەڵادزێ دروست دەبێت.

لە رۆژى پێنجشەممەوە ئێران ئاوى زێى بچوکى گرتووەتەوە، بەهۆیەوە ئاوى پڕۆژەى خاس کەمبووە و نەگەیشتووە بە پەمپەکان و ئەمڕۆ شەممە 6.9.2025، دانیشتوانى قەڵادزێ پێدانى ئاویان دواکەوتووە.

ئەندازیار مارف مەحمود، بەڕێوەبەرى پڕۆژەى ئاوى خاس بە 964ـى وت،”بەهۆى کەمبوونەوەى ئاوى زێى بچوک، ئەمڕۆ ئاو نەگەیشتووە بە پەمپەکان، بۆیە ئەو بەربەستەى بۆ زێیەکە لە ئاستى پڕۆژەى خاس دروستکراوە، بەناچارى داخراوە بۆ ئەوەى ئاو بگاتەوە بە پەمپەکان، بۆیە پێدانى ئاو دواکەوت، بەڵام لە ئێوارەى ئەمڕۆوە ئاو بە ماڵان دەدەین”.

“درێژى رووبارى زێى بچوک لە پڕۆژەى خاس تا بەنداوى کۆڵەسە لە دیوى ئێران زیاتر لە 90 کیلۆمەتر، بۆیە کاتێک ئێران ئاوەکە دەگرێتەوە سێ رۆژى پێویستە تا بەتەواوى وشک دەبێت، بەڵام لە کاتى بەردانەوە تەنیا 12 کاتژمێرى پێویستە تا ئاوەکە بگات بە پڕۆژەى خاس”، مارف مەحمود واى وت.

ترسى ئەو بەرپرسەى ئاوى قەڵادزێ ئەوەیە ئێران بە تەواوەتى ئاوەکەى گرتبێتەوە و نەتوانن ئاوى پێویست بۆ پڕۆژەکە کۆبکەنەوە، چونکە لەو کاتەدا پێدانى ئاو بەماڵان دەکەوێتە مەترسییەوە.

پڕۆژەى ئاوى خاس کە 95%ـى ئاوى دانیشتوانى قەڵادزێ دابین دەکات، لە هەر کاتژمێرێکدا دوو ملیۆن و 800 هەزار لیتر ئاو لە زێى بچوک وەردەگرێت، وەک ئەوەى مارف مەحمود ئاشکراى دەکات، لە قەڵادزێ نزیکەى 20 هەزار هاوبەشى ئاو هەیە، لەم وەرزەدا رۆژانە 31 ملیۆن لیتر ئاویان پێویستە و رۆژانەش هەر ماڵێک 50 خولەک ئاوى پێدەدرێت.

ئەگەر ئێران بە تەواوەتى ئاوەکە بگرێتەوە چى روودەدات؟، ئەمە پرسیارى 964 بوو بۆ ئەندازیار مارف مەحمود کە بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە،”ئەمە مەترسیدارە، چونکە ئەگەر وشک بێت رێک ئەو پەندە دەبێت بەراست کە دەڵێت، مانگا مرد و دۆ بڕا، چونکە هیچ سەرچاوەیەکى تر نییە کە بتوانێت پێویستى قەڵادزێ لە ئاوى خواردنەوە دابین بکات”.

پەیامى بۆ دانیشتوانى قەڵادزێش پێیە و هۆشداریان پێدەدات کە ئەم ماوەیە تا بۆیان دەکرێت، دەست بە ئاوەوە بگرن و بەفیرۆى نەدەن.