دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ:

“هێشتا چەک لای خەڵکانێک هەیە لە دەرەوەی یاسا و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی گشتی”

شۆڕش قادری

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کوردستان رایگەیاند، هێشتا چەک لای خەڵکانێک هەیە لە دەرەوەی یاسا و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی گشتی.

درەنگانی شەوى رابردوو، لەکاتى هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکى داواکراوى مادەى هۆشبەر لە قەزاى شێخان، رووبەڕووبوونەوە و شەڕەتەقە روویدا، بەهۆیەوە دوو کارمەندى ئاسایش گیانیان بەخشى و تۆمەتبارەکەش کوژرا.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بەو رووداوە بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، “رووداوەکە نیگەرانی کردین و ئەوەی پێ وتین هێشتا چەک لەلای خەڵکانێک هەیە لەدەرەوەی یاسا و مەترسیە بۆ سەر ئاسایشی گشتی خەڵک و بابەتی ماددە هۆشبەرەکانیش بۆتە پرسێکی گرنگ و جێی هەڵوەستە کردنە.”

پشتیوانی لە هەر رێکارێکی یاسایی دەکەین بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان بەڕەچاو کردنی پاراستی ژیانی خەڵک و هاوڵاتیان

ئاماژە بەوەشکراوە، دەستەی مافی مرۆڤ پشتیوانی لە هەر رێکارێکی یاسایی دەکات بۆ دەستگیرکردنی داواکراوان بەڕەچاو کردنی پاراستی ژیانی خەڵک و هاوڵاتیان، زۆرجاریش داواکراوان رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە و خەڵک و ماڵەکانی خۆیان وەک قەڵغان بەکار دێنن و دواتر هاوڵاتیان و زۆرجاریش هێزە ئەمنییەکان دەبنە قوربانی.

دەستەکە هیوای ئەوەش دەخوازێت، لەو پرسانەدا یاسا سەروەر بێت و داواکراوان بە رێکاری ئاسایی و یاسایی خۆیان رادەستی دەزگا ئەمنییەکان بکەن و نەبنە مایەی تێکدانی ئاسایش و ئارامی، هێزە ئەمنیەکانیش لەکاتی دەستگیرکردنی داواکراوان، رەچاوی پاراستنی ژیانی خەڵکی تر بکەن و سنووری کێشەکە گەورەتر نەکەن .