تابلۆی وەزارەتی دارایی.
وەزارەتی دارایی و ئابووری:
دەستبەسەرداگرتنی موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی “پرۆسەیەکی یاساییە” و بڕیاری دادگایە
ژێوار خدر
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم سەبارەت بە دەستگرتن بەسەر موڵکەکانی کۆمپانیای نالیا و چاڤی لەبەرامبەر قەرزەکانی بانکە بازرگانییەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی، روونکردنەوەیدا و دەڵێت، چاڤی و نالیا ئەگەر فرۆشرابێتیشن دەبێ قەرزەکان بدەنەوە.
لە روونکردنەوەکەیدا وەزارەتی دارایی دەڵێت، مێژووی قەرزەکانی ئەو کۆمپانیایە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 2010 و 2011 و هۆکاری دەستبەسەرداگرتنیشیان لەلایەن هەرێمەوە بۆ پابەندنەبوون بە گەڕاندنەوەی قەرزەکان سەرەڕای چەندین ئاگادارکردنەوە دەگەڕێتەوە، بەپێی یاسا هەموو کۆمپانیایەک کەسایەتی واتایی (معنوی) هەیە، هەر بۆیە رێکاری یاسایی بەرامبەر کۆمپانیا دەگیرێتەبەر نەک تاکەکەس، وە گۆڕینی خاوەندارێتی کۆمپانیا کاریگەری نابێت لەسەر کەسایەتی واتایی کۆمپانیا و ئەو قەرز و پابەندییانەی لە ئەستۆی ماوەتەوە.
دەشڵێت، دۆسیەکە لە ساڵی 2021 بە قازانجی وەزارەت یەکلا کراوەتەوە و لە کۆی سەدان موڵک، 60 موڵکی کۆمپانیاکان دەستنیشان کراون بۆ فرۆشتن لە زیادکردنی ئاشکرا.
روونیشیکردووەتەوە، دابەشکردنی ئەم موڵکانە لە بنەڕەتدا پێشێلکاریی یاسا بووە و موڵکەکان بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و خزمەتگوزاری بوون و دووپاتیشیکردووەتەوە، کە وەزارەت پاڵپشت بە بڕیاری دادگا و بەڵگەنامە یاساییەکان کار لەسەر دۆسیەکان دەکات و سەرجەم ئەو لایەن و کۆمپانیایانەی قەرزاری بانکەکانی وەزارەتن و لەکاتی خۆی پابەند نەبوون بە گەڕانەوەی قەرزەکان. “رێکاری یاسایی و ئیدارییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و دەست بەسەر موڵکەکانیاندا گیراوە، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 110 ملیار دینار موڵکی قەرزدارەکان دەستی بەسەردا گیراوە و لەسەر وەزارەت تۆمار کراوە، و زیاتر لە 25 ملیار دیناریش بە شێوەی کاش گەڕێنراوەتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.