لە ناحیەی سمیلان

67 مین لە مەترسیدارترین کێڵگە هەڵگیرانەوە و پوچەڵکرانەوە

شۆڕش قادری

هەڵگرتنەوەی مین لە کێڵگەی کروکە زەرد لە سنووری ناحیەی سمیلان کە مەترسیدارترین کێڵگە مینە، بەردەوامە و ئەمڕۆش 67 مینی دیکەی لێ هەڵگیرانەوە و پوچەڵکرانەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر، ئەمرۆ سێشەممە 2.9.2025 تیمی لەناوبردنی کەرەستەی تەقەمەنی (EOD) لە کێلگە مینی کروکە زەرد، 67 مینی دژەکەس لە جۆری (TS50)ـیان پوچەڵکردووەتەوە، لەگەڵ گواستنەوەی یەک پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی.

کێڵگە مینی کروکە زەرد یەکێکە لە مەترسیدارترین شوێنەکان لە سنووری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زۆر بە چڕی مینڕێژکراوە، رووبەرەکەی 95 هەزار و 200 مەتر دووجایە و رووبەری 93 هەزار و 768 مەتری پاککراوەتەوە، تا ئێستا دوو هەزار و 849 مینی دژەکەسی لە جۆرەکانی  (TS50,VAR40, V69, VS50و VST) لەگەڵ 163 پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی، لە نێویاندا بۆمبی هێشوویی لێ دۆزراونەتەوە و لەناوبراون.