لایەنى کەمتەرخەم سزا دەدرێت
وەزارەتى بەرگرى عێراق: لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەى قەڵاچوالان دەکەین
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى بەرگرى عێراق بڵاوى کردەوە، ئەمڕۆ، لە رووداوێکی دڵتەزێندا لە کاتی راھێنانی تەقەمەنی لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان، خوێندکارێکی سەربازی گیانی لەدەستدا و سێ خوێندکاری دیکەش برینداربوون.
بەپێى راگەیەندراوەکە، رووداوەکە لە کاتی جێبەجێکردنی یەکێک لە راھێنانەکانی تەقەمەنی بۆ خوێندکارانی خولی 89ـی کۆلێژەکە روویداوە و بەھۆی تەقینەوەی تەقەمەنییەکى جەنگی، چوار خوێندکار برینداربوون.
“سەرەتا بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە، بەڵام بەداخەوە یەکێک لە خوێندکارەکان بەھۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا و بڕیارە تەرمەکەی بگوازرێتەوە بۆ بەغدت، سێ خوێندکارەکەی تریش چارەسەریان بۆکراوە”، وەزارەتى بەرگرى وا دەڵێت.
جەختیش دەکاتەوە، بۆ زانینى هۆکار و وردەکارییەکانى رووداوەکە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە بۆ ئەوەى رووداوى لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە و هەر کەمتەرخەمییەکیش هەبووبێت سزاى خۆى وەردەگرێت.