دوكاندارانی شەقامی بەختیاری بێزارن
“جادەی پۆزەكە” شەوانە كار و كاسبی تێدا نەماوە و ژنان هەراسان دەكرێن
+964
دیلان محەمەدجەزا
شەقامی بەختیاری لە سلێمانی، كە بە جادەی پۆزەكە ناسراوە، ئێستا وەك جاران نەماوە و شەوانە بازاڕی كز بووە، ئەمەش بە قسەی چەند دوكاندارێك، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ژمارەیەك گەنج بە ئۆتۆمبێل و بە پیادەش بە دوای ژنانەوەن و بێزاریان دەكەن.
ئاسۆ حوسێن دوكاندار لە جادەی پۆزەكە، ئەمشەو یەكشەممە 31.8.2025 بە 964ی راگەیاند، ئەوان ئێستا شەوانە لە دوای سەعات نۆ، كێشەی زۆریان هەیە لەگەڵ ژمارەیەك لەو شۆفێرانە روودەكەنە شەقامەكە، چونكە هەراسانیان كردوون، شۆستەكان دەگرن و توانج لە خانمان دەدەن.
وتیشی، هەندێك لە ژنان ناچارن روو لە بازاڕی تر بكەن و ناتوانن بێنە بازاڕەكەی ئەوان.
ئاسۆ دەڵێت، ئێستا بازاڕی شەقامی بەختیاری بە رۆژ بازاڕی باشترە لە شەوان، لە كاتێكدا بازاڕەكە خۆی بەوە ناسراو بوو شەوانە كراوەیە و كەشێكی خۆشی هەیە، بەڵام ئێستا ناچارن زوو دوكانەكانیان دابخەن.
بڕیار موشیر دوكاندارێكی دیكەی شەقامەكەیە و دەڵێت، بەشێك لەو شۆفێر و گەنجانەی دێنە شەقامەكە، مەشروب دەخۆنەوە و گێچەڵ بە ژنان دەكەن، جگە لەوەی قەرەبالغی دروست دەكەن.
بڕیار داوا دەكات حكومەت و بەرپرسانی شارەكە چارەسەرێكی ئەو گرفتانەیان بۆ بكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا