پڕۆژەی رووناكییش دەگرێتەوە

سبەی وەزارەتی كارەبا تاقیكردنەوەیەكی تایبەت ئەنجام دەدات

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تاقیكردنەوەی فشار لەسەر تۆڕەكانی كارەبا لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك ئەنجامدەدات.

ئەمڕۆ یەكشەممە 31.8.2025 وەزارەتی كارەبا لە راگەیاندراوێكدا ئاشكرای كرد تاقیكردنەوەی فشاری سەر تۆڕی كارەبای نیشتمانی لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆك ئەنجام دەدات، بۆ ئەمەش تاقیكردنەوەكە ناوچەكانی ناوەوە و دەرەوەی پڕۆژەی رووناكی دەگرێتەوە.

“ئەم تاقیكردنەوەیە رێكارێكی رۆتینییە بۆ تۆڕی كارەبا ئەنجام دەدرێت لەلایەن وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، كە ئامانج لێی دیاریكردنی كێشە و خاڵە لاوازەكانی تۆڕەكانی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبایە لە ماوەی دوو رۆژی تاقیكردنەوە بۆ هەر پارێزگایەك، كە تێیدا هاوڵاتییان كارەبای بەردەوامیان دەبێت”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.

هەروەها ئاماژە بەوە دەكەن، وەزارەتی كارەبا ئاگاداری هاوڵاتیان دەكاتەوە لە ئەگەری پچڕانی نەخوازراوی كارەبا  لەكاتی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكەدا، تاقیكردنەوەش سبەی 1.9.2025 دەستپێدەكات و دوو رۆژ دەخایەنێت.