بەئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراک دەستیپێکرد
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراک لە عێراق دەستیپێکردووە و ئەمساڵ تەواو دەبێت، بەمەش هاوڵاتیان دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیانەوە هەموو کارەکانی پەیوەست بە تۆماری نوێ، گەیشتنی بەشەخۆراک و وەرگرتنی ئەنجام بدەن.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە فەیسبوکی خۆی رایگەیاند، لە رێگەی بەئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراک، کە ئێستا لە نەجەف دەستیپێکردووە، چاودێری تەواو دەخرێتە سەر جۆری خۆراک و بریکارەکەش.
ئەمڕۆ لیژنەی ئابوری و بازرگانی و پیشەسازی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری بازرگانی و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت کردووە و باسیان لە قۆناغەکانی بەئەلیکترۆنیکردنی کۆبۆنی خۆراک کردووە.
کارمەندانی کۆمپانیای خۆراک لە هەرێم هاوکارمان نین و پشوویان زۆرە
“دەربارەی گرفتی دواکەوتنی بەشەخۆراکی هاوڵاتیانی هەرێم، لمی موسەوی [بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای خۆراک] وتی، کارمەندانی کۆمپانیای خۆراک لە هەرێم هاوکارمان نین و پشویان زۆرە”، سۆران عومەر وای وت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە کۆنترۆڵ و چاودێری زیاتر بخرێتە سەر تۆماری کۆمپانیاکان و گۆڕانکاری بکرێت لە سیستمی دامەزراندنی کۆمپانیا.
بەغدا داوای 170 ملیار دینار پارەی بەشەخۆراک لە هەرێم دەکات
بە وتەی سۆران عومەر، رۆژی 28.2.2023، بەڕیوەبەرایەتی کۆمپانیای خۆراکی دانیشتنی دادگای هەیە و داوای پارەی 17 ساڵ پارەی بەشە خۆراک لە هەرێم دەکەن کە زیاترە لە 170 ملیار دینار.
“دەربارەی دوو بەشەئاردی هاوڵاتیانی هەرێم، کە ساڵی 2022 لە عێراق دابەشکراوە و بەشی هەرێم نەنێردراوە، وەزیری بازرگانی وتی، گەنم نەبووە و ئەو بەشە ئاردەی هەرێم فەوتاوە، داوای قەرەبوومان لێکرد لە ئەمساڵدا،” سۆران عومەر وای وت.