"بە 10 تیمیش کۆنتڕۆڵ ناکرێت"
ئاگرەکەی پێنجوێن لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە؛ داوای بەهاناوەچوون دەکەن
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
تادێت ئاگرەکەی سنووری پێنجوێن فراوانتر دەبێ و لەئێستادا هەردوو گوندی هەڵاڵاوا و مەسۆی تێپەڕاندووە و بەتەواوەتی لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.
سەردار ئەحمەد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە 964ـی وت، “جگە لە تیمەکانی خۆمان، تیمەکانی ناڵپارێز و رێکخراوی ملەکەوە و دانیشتووانی ناوچەکەش سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، بەڵام بەتەواوەتی لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و کەس هیچی لەدەست نایەت”.
هاوکات رێبوار کەمال سەرۆکی رێکخراوی ملەکەوە بە 964ـی وت، “وەک دیارە بە 10 تیمیش ئەو ئاگرە کۆنتڕۆڵ ناکرێ و پێویستە لە سلێمانییەوە چەند تیمێک بێن و هاوکاریمان بکەن لە کوژاندنەوەی ئاگرەکە”.
باسی لەوەشکرد، ئەگەر ئاوا بەردەوام بێت، نزیکەی 20 هەزار دۆنم لە پوش و پاوان و دارستان دەسووتێ و زیانێکی گەورەی لێدەکەوێتەوە.
دوو رۆژە ئاگرێک لە نزیک گوندی هەڵاڵاوای پێنجوێن سەریهەڵداوە و هەرچەندە چەند جارێک کۆنتڕۆڵ کراوە، بەڵام سەریهەڵداوەتەوە و جگە لە زیانی ماددی، تا ئێستا دوو کەس بەهۆی ئاگرەکەوە برینداربوون کە دوو ژینگەپارێزی خۆبەخش بوون بەناوەکانی بێستون عەبدوڵا و ئالان یوسف و بەهۆی سەختی برینەکانیان رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون.
بەقسەی ئازاد عەبدوڵا جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتاوی سلێمانی، بێستون تەمەنی 27 ساڵە و 76٪ـی جەستەی سووتاوە، ئالان یوسفیـش تەمەنی 24 ساڵە و 53٪ـی جەستەی سووتاوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری