“لەناو پرۆژە گەشتیارییەکاندا کێڵگەی مین هەیە”

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

كێڵگه‌یه‌كی مین له‌ نزیك پڕۆژه‌یه‌كی گه‌شتیاری سنوورى قه‌زاى كۆیه‌ دۆزراوەتەوە و لە ئێستادا مین لابەرەکانی هەولێر کە بە DE5 ناسراون، سه‌رقاڵى پلاندانانن بۆ ئه‌وه‌ى به‌زووترین كات پاكیبكه‌نه‌وه‌.

ئه‌و كێڵگه‌ی مینه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كه‌ به‌ناوى (حه‌مه‌ده‌ڕه‌ش) كه‌وتووەته‌ سنوورى گوندى كانى كه‌ند، زانیارییەکان دەڵێن، مینه‌كان ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رى لۆفه‌كانى هه‌یبه‌ت سوڵتانیان داپۆشیوه‌.

عەلی حه‌مه‌ده‌مین عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری مینی هەولێر، بە تۆڕى 964ـى راگەیاند، تیمی مین لابەری DE5ی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییه‌ گشتییه‌كه‌یان دەستی بە پاكسازیكردن له‌و كێڵگەیە كردووه‌. وتیشی “كێڵگە مینێكی زۆر مەترسیدارە و زۆر نزیكە لە ئاوەدانی و ناوچەیەكی گەشتیارییە بە پاکكردنەوەی سوودێكی زۆر بە دانیشتووانی ناوچەكە دەگەیەنێت”.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئەوان بە پاڵپشتیی تیمی رووپێوی لەگەڵ كەسێكی شارەزای ناوچەكە رووماڵی شوێنی كاركردنیان كردووه‌ و لە بابەتی رووپێوی و نوێكردنەوەی زانیاری پێویست لەسەر كێڵگە مینەكە و دامەزراندنی ئیدارەی كاركردن، كاری پێویستیان کرد و دەستكراوە بە پاككردنەوەی شوێنەكە.

به‌ قسه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، نازانن كه‌ى كاری پاككردنه‌وه‌ى ئه‌و كێڵگه‌یه‌ كۆتایی دێت، چونكه‌ ده‌ڵێت، “شوێنه‌كه‌ى بۆ كاركردن سه‌خته‌ و كه‌وتووەته‌ ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌رى جاده‌ى هه‌یبه‌ت سوڵتان”.

به‌پێى زانیارییه‌كانى تۆڕى 964، پێشتر له‌و كێڵگه‌ مینه‌ چه‌ند حاڵه‌تێكی ته‌قینه‌وه‌ى مین روویانداوه‌، به‌ڵام بێ زیانى گیانى بووه‌.