دیمەنێکی پاشماوەی شەڕەکەی لالەزار لە سلێمانی - وێنە؛ 964
لەسەر رووداوەکەی لالەزار
چارەنووسی 15 کەس دیاریکرا و لە ئاسایشی سلێمانین
964+
ئەحمەد مستەفا
چارەنووسی 15 کەسی نێو لالەزار ئاشکرابوو، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بۆ خانەوادەکانیانی نوسیوە، ئەو کەسانەی پرسیار و سۆراخی کوڕەکانیان کردبوو کە لەشەڕی لالەزار دیار نەماون دەتوانن بچنە ئاسایشی سلێمانی و لەوێن.
دەستەکە ناوی 15 کەسی لە پێگەی خۆی بڵاوکردووەتەوە.
وتەبێژی دەستەکە، سڵێمان موحسن ئەمڕۆ چوارشەممە 27.8.2025 دەڵێت، ژمارەیەک ناوی ئەو کەسانەی لەگەڵ هێزی “دوو پشک” تائێستا سۆراغیان نەبووە بۆ ئێمە هاتبوون وەک دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ.
باسی لەوەکردووە، ئێمەش بەدواداچونمان کرد لەگەڵ دەزگای ئاسایش لە سلێمانی، ئەوانیش وەڵامی ئێمەیان دایەوە، بۆ قوناغی یەکەم ئەو ناوانەی لە خوارێ کەس وکاریان دەتوانن، لە بەیانییەوە کاتژمێر 10:00ی بەیانی سەردانی ئاسایش بکەن بۆ بینینی کوڕەکانیان.
دەستەی مافی مرۆڤ لە پێگەی خۆی ناوەکانی بڵاوکردووەتەوە کلیک بکە؛
شەوى 21 لەسەر 22ـى ئابى 2025، هێزێکى زۆرى ئەمنى کە حکومەتى هەرێم بە هێزى یەکێتى ناوى دەبات، هێرشى کردە سەر هۆتێل لالەزار کە لاهور جەنگى و هێزێکى لەوێدابوون و رووبەڕووبوونەوەى چەکدارى روویدا.
سەرئەنجام بە دەستگیرکردنى لاهور شێخ جەنگى و ژمارەیەک بەرپرس و چەکدارى سەر بە لاهور شێخ جەنگی کۆتایى هات و بەهۆى شەڕەکەشەوە هۆتێل لالەزار و ماڵ و پڕۆژەکانى دەورووبەرى، زیانى زۆریان پێگەیشت.