لە باڵەکایەتی کۆمەڵێک مین و تەقەمەنی لەناوبران – وێنە؛ دەزگای گشتی کاروباری مین
زیاتر لە 20 هەزار مینیش لەناوبراون
لە ماوەی شەش ساڵدا 52 کێڵگە بە تەواوی لە مین پاک كراونەتەوە
ژێوار خدر
دەزگای گشتیی کاروباری مین، زیاتر لە 11 ملیۆن و 373 هەزار و 50 مەتردووجا زەوی لە مین پاک کردووەتەوە و
52 کێڵگەی مین بە تەواوی پاک کراونەتەوە و رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە، كە کاریگەرییەکی ئەرێنیی گەورەی لەسەر ژیان و گوزەرانی دانیشتوانی ئەو ناوچانە هەبووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، لە رووی لەناوبردنی مین و تەقەمەنیەوە، تیمەکانی دەزگای گشتیی کاروباری مین، سەرکەوتوو بوون لە لەناوبردنی زیاتر لە 20 هەزار و 856 مین و زیاتر لە 125 هەزار و 627 پارچە تەقەمەنیی دیكەی پاشماوەی جەنگ، کە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بوون لەسەر سەلامەتیی خەڵک.
دەشڵێت، ئێستا دەزگای گشتیی کاروباری مین هەڵمەتێکی چڕی هۆشیارکردنەوەی دەست پێکردووە بۆ گەیاندنی پەیامەکانی مەترسیی مین و تەقەمەنی بە هاوڵاتییان، تیمەکانی هۆشیاریی رۆژانە لە گەرمیانەوە تاوەکوو زاخۆ، سەردانی ناوچە سنوورییەکان و ئەو ناوچانە دەکەن، کە لە نزیک کێڵگە مینەکانن، بۆ ئەوەی زانیاریی پێویست بە خەڵک بگەیەنن و رێنماییان بکەن، كە چۆن لە مەترسییەکانی مین خۆیان بپارێزن.