15 ساڵە خەریکی کوژاندنەوەی ئاگرە
964+
ئاسۆ وەرتی – سۆران
لە سۆران ژن و پیاوێک ماوەی 15 ساڵە خەریکی کارکردنن لە دروستکردنی ئامێری ئاگرکوژێنەوە و کارگەیەکیشیان بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە.
ژنەکە ناوی مەعسومەیە، بە 964ی وت، “هەرچەندە کارەکەم پیاوانەیە بەڵام هەوڵمداوە بەردەوام گیروگرفتەکان تێبپەڕێنم، ئەرکەکانی ماڵەوەم جێبەجێبکەم و رۆژانە لەگەڵ هاوسەرەکەم بێم بۆ کۆمپانیاکە”.
باس لەوە دەکات هەلی کاریان بۆ چەندین کەسی تر رەحساندووە و ئێستا سێ کارمەندی دیکەیان هەیە.
مەعسومە پێیوایە ژنان شان بەشانی پیاوان دەتوانن کاربکەن و یارمەتی هاوسەر و کەسە نزیکەکانیان بدەن، هەروەها دەتوانن ببنە هاندەرێک بۆ کەسانی دیکە تاوەکو بتوانن پشت بە وزە و تواناکانی خۆیان ببەستن.
لە رێگەی تۆڕی 964 ئەو پەیامەی گەیاند، کە “پێویستە هەموو ژنێک بزانێت چۆن ئامێرەکانی ئاگرکوژێنەوە بەکاربهێنێت، چونکە لەناو ماڵەکاندا ئاگر زۆر بەکاردەهێنن”.