هەڵمەتەكە تا درەنگانی شەو بەردەوام بووە
بازاڕی گەورەی هەولێر خاوێنکرایەوە و باخچەی رزگاریش رووناككرایەوە
964+
محەمەد فاتیح
لە بەردەوامی هەڵمەتەكانی پاككردنەوە و جوانڕاگرتنی شاری هەولێر، بازاڕی گەورەی هەولێر شۆردرا و خاوێنکرایەوە، باخچەی رزگاريش رووناککرایەوە.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بڵاویكردەوە، لەگەڵ ئەوەی رۆژانە لیژنەكانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی چەند جارێک زبڵی ناو بازار هەڵدەگرن، دوێنێ تا درەنگانی شەو لە هەڵمەتێکدا، بە هێزی مرۆیی ژینگەپارێزان، دەستکرا بە پاککردنەوە و شووشتنی شەقامەکانی ناو بازارو چواردەوری ئەسواق سیروان بەگشتی.
باسیان لەوەشكردووە، بەردەوامن لە بایەخدان بە پارک و باخچەکانی شاری هەولێر، لەپێناو بەخشینی سیمایەکی جوانتر و رەخساندنی کەشێکی ئارام و ژینگەیی بۆ دانیشتوانی گەڕەكەكان و بۆ ئەم مەبەستە، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پارک و باخچەکان، دەستکرا بە دانانی چوار ستوونی کارەبایی، لەگەڵ دانانی هەشت جۆری بلاجکتۆری 200 واتی، لە باخچەی رزگاریی گەڕەکی کوران لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانی شەش.
باخچەی رزگاری ساڵی 2005 لەسەر رووبەری سەوزایی (3,442)م٢ دروستکراوە و بە نزیکەی 230 داری هەمەجۆری لێ چاندراوە و ئێستاش رووناككراوەتەوە.