بازاڕی هەولێر رۆژانە نۆ جار پاک دەکرێتەوە

+964
فەهمی نەبی – هەولێر

هەموو رۆژێک، تەنیا لە سەنتەری شاری هەولێر، نزیکەی دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاک هەڵدەگیرێتەوە، تێچووی مانگانەی ملیارێک و ٦٥٠ ملیۆن دینارە.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری شارەوانی و خزمەتگوزاری سەنتەری شاری هەولێر بۆ +964 وتی: “سەنتەری شاری هەولێر بۆ شەش زۆن دابەش کراوە، لە رێگەی شەشسەد ئامێرەوە، ئەو زبڵ و خاشاکە لەلایەن کەرتی تایبەت و بەسەرپەرشتی سەرۆکایەتی شارەوانی کۆدەکرێتەوە”.

لە سەنتەری شاری هەولێر، نزیکەی دوو هەزار تۆن زبڵ و خاشاک هەڵدەگیرێتەوە

زبڵخانەی کانی قرژاڵە، دەکەوێتە رۆژئاوای شاری هەولێر و لەوێ بە شێوەیەکی زانستی لە رێگای ئامێری تایبەتەوە، زبڵی رۆژانەی شاری هەولێر ژێرخاک دەنرێت.

ژیار جەلال ئەوەشی وت، “رۆژانی شەممە رێژەی زبڵ لە هەموو رۆژەکان زیاترە، هەفتەی سێ رۆژ، گەڕەکەکانی ناو شار پاک دەکرێنەوە، بەڵام ناو بازاڕی هەولێر، لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا نۆ جار پاک دەکرێتەوە”.

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی چەند مامۆستایەکی زانکۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌ هه‌ولێر، هەر هاوڵاتیەک لە شاری هەولێر رۆژانە یەک کیلۆ و سەد گرام زبڵی هەیە.