خەڵكی هەڵخەڵەتاندووە
كاندیدێكی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەستگیر كرا
964+
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی خەڵكی هەڵخەڵەتاندووە و فێڵی لێكردوون و بەڵێنی دامەزراندنی پێداون، یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق دەستگیر كرا.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، بڵاویكردەوە، كاندیدە تۆمەتبارەكە كە ژنە، تەماحی مادی خستووەتە بەردەم خەڵك و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی بەكارهێناوە و دەنگدەرانی بەوە هەڵخەڵەتاندووە، كە لە دەزگا حكومییەكان دایاندەمەزرێنێت، یان موچەیان بۆ دەبڕێتەوە، لەبەرامبەر هەڵبژاردنی لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە لە 11.11.2025 ئەنجام بدرێت.
دادگای دووەمی لێکۆڵینەوەی کەرخ، دوای لێكۆڵینەوە و تۆماركردنی وتەكانی، بەپێی ماددەكانی یاسای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاكان، كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقی ئاگادار كردەوە، كە رێكاری پێویست بگرنەبەر، بۆ دوورخستنەوەی كاندیدە تۆمەتبارەكە.