گردبوونەوە

شۆفێرانی تاکسی لە کەرکوک: ئەپێک نانی 30 هەزار خێزانی بڕیوە

کاروان ساڵحى- کەرکوک

شۆفێرانى تاکسى لە کەرکوک دژى ئەپڵیکەیشنى “بەلى” گردبوونەوە و دەڵێن، بەهۆى ئەو ئەپەوە رسقیان بڕاوە، چونکە خەڵکى تریش بە ئۆتۆمبێلى تایبەت دەتوانن هەموو ئیشێکى تاکسى بکەن.

شۆفێرانى تاکسى، لەبەردەم بینای پارێزگاى کەکوک گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان دژی ئەپەکە ئەنجامدا، ئەوان داوایانکرد کە دەبێت ئۆتۆمبێلی تایبەت لەو ئەپە دەربهێندرێت، چونکە بووەتە هۆی راگرتنی کار و بژێوی نزیکەی 30 هەزار شۆفێری تاکسی لە شارەکە.

ئەمین عەلی، یەکێک لە شۆفیرە ناڕازییەکان، بە 964ـی راگەیاند، “کێشەی سەرەکی ئێمە ئەوەیە کە ئۆتۆمبێلی تایبەت وەک جێب لاریدۆ و چارجەر لەناو ئەپەکەدا کاردەکەن و نرخەکانیان شکاندووە، بۆ نموونە، ئۆتۆمبێلێکی چارجەر لە گەڕەکی عەسکەرییەوە بۆ سەر پردەکە بە دوو هەزار دینار نەفەر دەگوازێتەوە، لە کاتێکدا ئێمە مانگانە و ساڵانە پارە بە سەندیکا و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین.”

“ئەم ئەپە بژێوی ژیانی پەکخستووین، لە بەیانییەوە تا شەو 10 هەزار دینار کارناکەین، لە کاتێکدا هاوڵاتی لە ماڵەکەی خۆیەوە بە ئاسانی داوای ئۆتۆمبێل دەکات و دێتە بەردەمی و کرێیەکى کەمتریش دەدات”، ئەو شۆفێرە واى وت.

شێرزاد ئیبراهیم شۆفێرێکى دیکەیەى تاکسییە و بۆ 964 ئاشکراشیکرد کە شۆفێرانی ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان لە بازگەکاندا لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناکرێت کاتێک نەفەر هەڵدەگرن، بەڵام شۆفێری تاکسی ساڵانە دەبێت نزیکەی پێنج هەزار دۆلار کرێی هێڵ بدات.

بە وتەی شۆفێرە ناڕازییەکان، خاوەنی ئەپەکە نادیارە و بۆ هاندانی شۆفێرەکانی، بۆ هەر چوار بۆ پێنج گەشتێک بڕی 18 هەزار دیناریان پێدەدات، جیا لە کرێی گەشتەکە، ئەمەش کێبڕکێیەکی ناهاوسەنگی دروستکردووە کە وایکردووە هەزاران شۆفێری تەکسی لە کەرکوک بکەوێتە مەترسییەوە.

“بەلى”، ئەپڵیکەیشنێکی نوێیە لە عێراق کە تایبەتە بە گواستنەوەی سەرنشین و گەیاندنی خواردن،  ئەم ئەپە رێگە بە بەکارهێنەران دەدات گەشتەکانیان داوا بکەن و ئۆتۆمبێلی گونجاو هەڵبژێرن جا چ ئۆتۆمبێلى تایبەت بێت یان تاکسى.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح