لە سنوورى سلێمانى

لەسەرەتاى ئەم مانگەوە؛ زیاتر لە 13 هەزار دۆنم دارستان و پوش و پاوان سووتاوە

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى، کۆنتڕۆڵکردنى گەورەترین ئاگرى ئەم مانگەى راگەیاند کە 9 هەزار دۆنم دارستان و پوش و پاوانى سووتاندووە.

لە 24 رۆژدا 13 هەزار و 773 دۆنم دارستان و پوش و پاوان لە سنوورى سلێمانى، سووتاوە

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاوى کردەوە، ئاگرێك لە سنووری گوندەکانی (زاخێ، هەڵوان، سیوەیل، ئاشی بارام)کەوتەوە، بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی شارباژێڕ و بنکەی سیتەک دەرچوون بۆ شوێنی ئاگرەکە و بە هاوکاری ئاگرکوژێنەوەی قەزای چوارتا و سیتەك و خەڵکی ناوچەکە توانیان ئاگرەکە بکوژێنەوە و کۆنترۆڵی بکەن.

ئاشکراشى کردووە، بەهۆی ئاگرەکەوە نزیکەی 9 هەزار دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی و رەز و باخی هاووڵاتیان سووتان.

بەپێى بڵاوکراوەکانى پەیجى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى، ئەو ئاگرە گەورەترین ئاگرى ئەم مانگەى سنوورەکەیان بووە.

964 لەڕێگەى بڵاوکراوەکانى پەیجى بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسى و دارستانى ژینگەى سلێمانى، گەیشتووە بە ئامارێک کە تەنیا لەماوەى 24 رۆژى مانگى ئابدا واتا لە 1 بۆ 24ـى ئەم مانگە، لە سنوورى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سلێمانى، 13 هەزار و 773 دۆنم، دارستان و پوش و پاوان سووتاون، ئەوە جگە لەوەى چەند ئاگرێکیش لەژێر لێکۆڵینەوەدان و تائێستا زیانەکانیان رانەگەیەنراوە.

ئاگرەکەی سیتەک نەکوژاوەتەوە و دارەکانی هەڵکڕوزاندووە

ئاگرەکەی سیتەک نەکوژاوەتەوە و دارەکانی هەڵکڕوزاندووە