چیرۆکى خێزانێکى سوورى لە شەڕەکەى لالەزار
لە ترسى شەڕ ئاوارەبوون؛ کەچى شەڕە چووە ناو ماڵیانەوە
964+
دیلان محەمەدجەزا- سلێمانى
“دەمەو ئێوارە چەند چەکدارێک لەبەردەم ماڵەکەی ئێمە وەستابوون، جلى بێجییان لەبەردا بوو، من نازانم ئەمانە کێن، ئاسایشن یان هێزەکانی ترن، بەڵام پێشتر ئەم جۆرە جلوبەرگانەم لەبەر ئەو کەسانەدا بینیوە کە لە ماڵەکەی لاهورن”، ئەمە قسەى سەمەر محەمەدە کە خاوەنى ماڵێکە لە نزیک هۆتێل لالەزار کە بەنەتەوە عەرەبن و لە ترسى شەڕ سوریایان بەرەو سلێمانى جێهێشتووە، بەڵام گەرمەى شەڕى لالەزار لە ماڵەکەى ئەواندابوو.
سەمەر محەمەد، چیرۆکى شەوى شەڕەکەى بۆ 964 گێرایەوە و وتى،” دوایی ئەو هێزە هاتن لە دەرگایانداو چوونە سەربان، دوو سێجار ئەمەیان دووبارە کردەوە، دواهەمینن جار شەو درەنگ هاتن وتیان ئێمە ئەچینە سەربان، ئێوەش لە پەنجەرەکان دوور بکەونەوەو بچنە ژوورەوە.. پێمان وتن چی بووە، وتیان هیچ نییە رەنگە تەقە ببێ بڕۆنە ژێرزەمین با هیچتان بەسەر نەیەت، ئێمەش 12 کەس بووین، خۆمان و دوو هاوڕێی کوڕەکانم، ئەم منداڵەشمان کە تەمەنی ساڵێک و چوار مانگە”
“لە دوای کاتژمێر سێ کاتێکمان زانی تەقەکردنێکی نائاسایی دەستی پێکرد، هەستمان دەکرد لەناو ماڵەکە جموجۆڵ هەیە لەگەڵ تەقەکردنێکی نائاسایی و گرمەی زۆر گەورە، نەماندەزانی ئەمە بۆمبە یان چییە، دەنگەکە ئەوەندە زۆر بوو ئەم ماڵە دەلەرییەوە دەتوت بومەلەرزەیە”، سەمەر وا دەڵێت.
ئەوان بە درێژاى شەڕەکە لەناو ئەم درۆخەدا بوون، بەڵام بەیانی هێزە ئەمنییەکان چوون بۆ ماڵەکە و پێیان وتوون،”چۆن رتان داوە بێنە ژوورەوە”، وەک سەمەر باسى دەکات، ئەویش پێى وتوون،” چی بکەین و چیمان لە دەستدێت، چەند کەسێک بە چەکەوە هاتوونەتە سەرمان، تا بەیانی ئەم هەموو ترسەمان لەسەر بووە، ئێوەش هاتوون زیاتر دەمانترسێنن؟ ئێمە ماڵەکە بەسەرماندا دەڕووخا هیچمان پێ نەدەکرا”.
“پێیان وتین تەواو شەڕەکە تەواو بووە، رەنگە گوێتان لە هەندێ تەقوتۆق بێت، ئەوە هیچ نییە هەندێ کەس لە لالەزار ماون هی ئەوەیە”، ئەمە کۆتایى چیرۆکەکەبوو، بەڵام ماڵى سەمەر جگە لە تێپەڕاندنى شەوێکى سەختى پڕ لە دڵەڕاوکێ، ئاسەوارى شەڕەکە و شوێنى گولـلەکان، ماڵەکەیانى کردووە بە بێژینگ.
پێداچوونەوە؛ وریا فەتاح