هاندەرانى یانەى هەولێر لە کاتى بەرکردنەوەى ئاڵاى یانەکەیان. وێنە: پەڕەى یانەى هەولێر
"جێگاى قبوڵ نییە".
بەڕێوەبەرایەتى وەرزش هەڵبژاردنى تەواوکارى یانەى هەولێر رەت دەکاتەوە
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشی هەرێمی کوردستان، ئەو هەڵبژاردنە تەواوکارییەی کە لەلایەن نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراقییەوە بۆ یانەی وەرزشی هەولێر ئەنجامدرا، بە “نایاسایی و پێشێلکاری” ناودەبات و بە تەواوی رەتیکردەوە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە جەختی لەوە کردەوە کە بەپێی یاسای ژمارە (12)ـی ساڵی 2011، ماددەی (2)، بڕگەی (9)، ئەوان لایەنی سەرەکی و بەرپرسی یەکەمی وەرزشن لە هەرێمی کوردستاندا و سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانن.
” بە پشت بەستن بە ماددەکانی (115، 117، 121)ی دەستوری عێراق، مافی بەڕێوەبردنی دامەزراوە وەرزشییەکان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دراوە”، بەڕێوەبەرایەتى وەرزش وا دەڵێت.
پێشتر لە رێکەوتی 15ـى تەمموزی 2025، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزشی هەرێم، هەڵبژاردن بۆ دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر ئەنجامدرا، بەڵام ئەمڕۆ، 23ـى ئابی 2025، لە یەکێک لە هۆتێلەکانی هەولێر، پرۆسەیەکی دیکەی هەڵبژاردن بە ناوی “هەڵبژاردنی تەواوکاری” بە سەرپەرشتی نوێنەرایەتی لێژنەی ئۆڵۆمپی عێراقی لە هەولێر بەڕێوەچوو
.
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەرزش ئەم هەنگاوە بە پێچەوانەی یاسای یانە وەرزشییەکانی عێراق ژمارە (18)ـی ساڵی 1986، کە بە ژمارە (37)ی ساڵی 1988 هەموارکراوە، و هەروەها یاسای وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانێت.
جەختیشکراوەتەوە، “ئەمە بە پێشێلکاریی تایبەتمەندیی دامەزراوە وەرزشییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، بۆیە ئەمە جێگای قبوڵکردن نیە و سەرلەبەری ئەم پرۆسەیەی ئەنجامدراوە لە لایەن ئێمەوە باوەڕپێکراو نیە و رەتیدەکەینەوە.”