بەهۆی تامەکەیەوە بووەتە دیاریی گەشتیارانی رێگای کەرکوک - بەغدا

خاڵس بە 70 جۆر خورما بازاڕەکانی عێراق و چوار وڵاتی دیکەی پڕکردووە

سیروان خورشید – خورماتوو

قەزای خاڵس لە پارێزگای دیالە، کە بە “شاری خورما” لەسەر ئاستی عێراق ناسراوە، بەشێکی زۆری رووبەرەکەی بە دار خورما داپۆشراوە و بەرهەمەکەی هەناردەی زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکرێت.

لە وەرزی پێگەیشتندا، خورماکان راستەوخۆ دەخرێنە بازاڕەوە، کە زیاتر لە 70 جۆری جیاوازی هەیە، بەناوبانگترین جۆرەکانی بریتین لە “بەکاوی، بەرحی، تبەرزەل، و خەزراوی” کە بە باشترینەکانی عێراق دادەنرێن.

ناوبانگی خورمای خاڵس تەنها ناوخۆیی نییە، بەڵکو هەناردەی وڵاتانی وەک تورکیا، دوبەی، عومان و هیندستانیش دەکرێت.

تام و ناوبانگی خورمای خاڵس وایکردووە، ئەو گەشتیارانەی بە رێگای کەرکوک – بەغدادا تێدەپەڕن، وەک خواردنێکی سەرەکی تامی بکەن و وەک دیارییەک بۆ ئازیزانیان بیکڕنەوە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر