" نەخۆشخانەی وەرتێ دەبێتە 24 کاتژمێری"

بەشی CT Scan لە نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان کرایەوە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بەشی CT Scan لە نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان كەوتەكار و نەخۆشخانەی وەرتێیش دەبێتە 24 سەعاتی و خزمەتگوزاری تەندروستی پێشكەش بە هاوڵاتیانی دەكەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 21.8.2025 سامان بەرزنجی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامێری سی تی سكان CT Scan لە نەخۆشخانەی گشتیی چۆمان كەوتەكار، كە بە شێوازی سیستمی ژیریی دەستكرد كار دەكات.

وتیشی، ئامێرەكە بۆ نەخۆشانی دڵیش تیشك دەگرێت و سوودی زۆری بۆ هاوڵاتیانی دەڤەری چۆمان دەبێت.

وەزیری تەندروستیی كوردستان باسی ئەوەشی كرد، چیتر نەخۆشەكان پێویست ناكات سەردانی شارەكان بكەن، چونكە جگە لە سی تی سكان، چەندین خزمەتگوزاری دیكە بۆ نەخۆشەكان دابین كراوە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئەوەشی باس كرد، لە داهاتوویەكی نزیكدا نەخۆشخانەی وەرتێ دەبێتە 24 کاتژمێری و بۆ هاوڵاتییان كراوە دەبێت، پزیشك و كارمەندی بۆ دابین دەكرێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، بنكەیەكی تەندروستی لە گوندی گەزنە كراوەتەوە.

وەزیری تەندروستی تكای لە هاوڵاتییانی چۆمان و دەوروبەری كرد، لە كاتی تووشبوون بە پێوەدانی مار و دووپشك و هەروەها گەستنی سەگ، راستەوخۆ رووبكەنەن نەخۆشخانەكان و هەموو شتێك لە بنكە تەندروستییەكان جێبەجێ نابێت، یان لە لای خۆیان هەوڵی چارەسەر نەدەن، بەڵكو ئەمە لە نەخۆشخانەكان چارەسەری پێویست دابین دەكرێت.

 چۆمان؛ سیتى سکانیان لێ نەكەوت

 چۆمان؛ سیتى سکانیان لێ نەكەوت