چالاکوانان و رۆژنامەنوسانى قەڵادزێ

هۆشدارى دەدرێت؛”ئەو کلۆرە لاببەن مەترسیدارە”

964+

وریا فەتاح

دەستەیەک لە رۆژنامەنوسان و چالاکوانانى قەڵادزێ، هۆشدارى دەدەن لەو کلۆرەى کە لە پڕۆژەى ئاوى خاس دانراوە، داوا دەکەن لاببرێت تا مەترسى بۆسەر گیانى هاوڵاتیان دروست نەکردووە، بەڕێوەبەرى ئاوى راپەڕینیش دەڵێت، پڕۆژەى کۆگایەکیان بۆ هەڵگرتنى کلۆرى ئیدارەى راپەڕین کردووە کە بەشێوەیەکى ئەوەندە مۆدێرنە لە عێراقدا لەو شێوەیە بوونى نییە.

ئەو دەستەیە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویان کردووەتەوە،”تەواوی بوتڵەکانی غازی کلۆر لە ئیدارەی راپەڕین کەبۆ تەعقیمی ئاو بەکاردێت، لەیەکێک لە کۆگاکانی پڕۆژەی ئاوی خاس دانراون و دواتر بەپێی پێویستی دابەشی سەر پڕۆژەکانی ئاوی ئیدارەی راپەڕین دەکرێن “.

ئەو کلۆرە لاببەن خۆ لەئێوە خوێن نایات لەئێمەش ئاو

“بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە لێچوونی غاز لە هەر بتڵێک دەبێتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر دانیشتووانی شاری قەڵادزێ بەتایبەت ئەو گەڕەکانەی نزیکن لە پڕۆژەی ئاوی خاس، ئێمە پێشتر ئەزموونمان لەگەڵ ئەو مەترسیە هەیە و بەهۆی لێچوونی غازی کلۆرەوە پۆلیسێکی پاسەوانی پڕۆژەکە بەداخەوە گیانی لەدەستداوە “، چالاکوانان و رۆژنامەنوسانى قەڵادزێ وا دەڵێن.

پۆلیسێک بە هۆی تەقینی بوتڵی کلۆرەوە گیانی لەدەستدا

پۆلیسێک بە هۆی تەقینی بوتڵی کلۆرەوە گیانی لەدەستدا

داواش دەکەن، بە زوترین کات هەر فەرمانگەیەکی ئاو لە سنوورەکەی خۆی بوتڵی غازی کلۆر کۆگا بکەن بۆ ئەوەی شارەکەیان و گەڕەکەکانی لە مەترسی حاڵەتی لێچون بەدوور بن وکارەساتێکی لێنەکەوێتەوە .

لەسەر ئەو بابەتە، 964 قسەى لەگەڵ ئەندازیار مارف مەحمود، بەڕێوبەرى پڕۆژەى ئاوى خاس کرد، ئەو وێڕاى پشتڕاستکردنەوەى ئەوەى کە راستە سەرجەم کلۆرى ئیدارەى راپەڕین لە پڕۆژەى ئاوى خاس کۆگاکراوە، وتیشى،”داوامان کردووە لاببرێت و لە شوێنێکى تایبەت و دوور لە ئاوەدانى کۆگا بکرێن”.

وەک باسى دەکات، بەڕێوەبەرایەتى ئاوى راپەڕین کارى لەسەر داواکارییەکە کردووە  و بڕیارە لە شوێنێکى تر هەڵبگیرێت، وەک دەڵێت،” پێشنیارم کردووە لە نزیک دەربەند کۆگا بکرێت”.

لاى خۆیەوە، سەلام عومەر، بەڕێوەبەرى ئاوى راپەڕین بە 964ـى وت،”راستە کلۆرەکە لەوێیە، بەڵام زۆربەى لە پڕۆژەکەدا بەکاردەهێندرێت و نزیکەى 40 بوتڵى یەک تۆنى لێیە و ئەو مەترسییەى نییە، کۆگاکراوە و شوێنى پێویستى هەیە”.

“پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە کە کۆگایەکى هەڵگرتنى کلۆرى مۆدێرنە و لە هەموو عێراقدا نییە، سەلامەتى و پارێزراوى رەچاوکراوە و ئێستا لە تەندەریندایە”، سەلام عومەر وا دەڵێت.

بەدڵنیاییەوە پڕۆژەکە دەکەوێتە یەکێک لە پڕۆژەکان یان پڕۆژەى خاس یان پڕۆژەى ئاوى دەربەند، بەڵام وەک ئەوەى ئەندازیار مارف مەحمود دەڵێت،”من پێشنیارى دەربەندم کردووە، چونکە هەم ناوەڕاستى ئیدارەى راپەڕینە و نزیکە لە هەموو پڕۆژەکانى ئاو، هەم ناوچەیەکى دوور لە ئاوەدانییە”.

لە مانگى 5ـى ساڵى 2024، بەهۆى لێچوونى غاز کلۆر لە یەکێک بوتڵەکانى پرۆژەى ئاوى خاس، پۆلیسێکى پڕۆژەکە گیانى لەدەستدا.

15 بووتڵی کلۆری پڕۆژەی ئاوی خاس نێردرانەوە ئێران

15 بووتڵی کلۆری پڕۆژەی ئاوی خاس نێردرانەوە ئێران