لە دهۆک رۆژی 40 نەشتەرگەری دەکرێت

964+
عەمار عەزیز

دوای سێ مانگ، ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی قەزای ئاکرێ دەستپێدەکاتەوە و چیتر ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، ناچنە دهۆک و شارەکانی دیکە، ئەمە بە قسەی تەندروستی قەزاکە.

ماوەی سێ مانگ بوو نەخۆشخانە حکومییەکان لە ئاکرێ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییان راگرتبوو، تەنیا بۆ حاڵەتی لەناکاو یاخود نەشتەرگەری بچوکی وەک شکانی دەست و پێ و برینی سووک عەمەلیاتیان دەکرد.

چوار هۆڵی نەشتەرگەری بەهۆی نۆژەنکردنەوە، ماوەی سێ مانگ بوو کارەکانیان راگرتبوو

نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی قەزای ئاکرێ بە تۆڕی 964ی وت، چوار هۆڵی نەشتەرگەری بەهۆی نۆژەنکردنەوە، ماوەی سێ مانگ بوو کارەکانیان راگرتبوو، نەشتەرگەری گەورەیان نەدەکرد، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستپێدەکەنەوە.

رۆژی 28.2.2023 رێکخراوەکە هەر چوار هوڵی نەشتەرگەری رادەستی تەندروستی ئاکرێ دەکات

نۆژەنکردنەوەکە لەلایەن رێکخراوی GIZی ئەڵمانی ئەنجامدراوە و ئەمڕۆ تەواو بووە، بە وتەی نێچیرڤان فەخرەدین، رۆژی 28.2.2023 رێکخراوەکە هەر چوار هوڵی نەشتەرگەری رادەستی تەندروستی ئاکرێ دەکات.

“لە سەرەتای مانگی ئازار، دەست دەکرێت بە ئەنجامدانی نەشتەرگەری، هەموو جوره نەشتەرگەرییەک لە ئاکرێ دەکرێت و لەمەودوا هاوڵاتیانی ئاکرێ و دەوروبەری بۆ نەشتەرگەری پێویست ناکات بچنە شارەکانی تر،” نێچیرڤان فەخرەدین وای وت.

لەدوای نۆژەنکردنەوە، ژمارەی نەشتەرگەرییەکانی رۆژانە لە ئاکرێ بۆ 40 دانە زیاد دەکرێت، پێشتر رۆژانە 30 دەکرا.