هه‌ورامانى ئه‌ودیوه
زه‌نگوڵیان كردووه‌ته گه‌ردنى به‌راز بۆ ئه‌وه‌ى زیان به كشتوكاڵه‌كه‌یان نه‌گه‌یه‌نێت
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
گرته ڤیدییه‌ك بڵاوكراوه‌ته‌وه، به‌رازێك له‌ناو دڕك و داڵى باخچه‌یه‌ك ده‌بیندرێت، زه‌نگوڵێگیان به گه‌ردنیه‌وه كردووه، هه‌ر جوڵیه‌ك بكات ده‌نگی زه‌نگوڵه‌كه‌ش ده‌بیسترێت، ئه‌وه‌ى ڤیدیۆكه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه، ده‌ڵێت، بۆ ئه‌وه‌یه كه به‌راز له باخه‌كانیان نزیك بووه‌وه ئاگادار بن.
گرته ڤیدیۆیه‌كه له سۆشێاڵ میدیاى هه‌ورامان نیوز بڵاوكراوه‌ته‌وه سوهراب هه‌ورامیش به‌ڕێوه‌به‌رى سۆشیاڵ میدیاكه‌یه، به 964ـى وت، ئه‌و گرته ڤیدیۆیه هی گوندێكى هه‌ورامانى ئه‌ودیوه.
وتیشی “خاوه‌ن باخێك ئه‌و زه‌نگوڵه‌یه‌ى كردووه‌ته‌وه گه‌ردنى بۆئه‌وه‌ى كه به‌راز له باخچه‌كه‌یان نزیك بووه‌وه به‌ده‌نگى زه‌تنگوڵه‌كه‌یه‌وه بزانن و رێگرى لێ بكه‌ن و زیان به كشتوكاڵیان نه‌گه‌یه‌نێ”.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، ئه‌مه بیرۆکەی ژمارەیەک باخه‌وانى هەورامیه، دوای ئەوەی بەرازێک زیانی زۆریان پێدەگەیەنێت، ده‌یگرن و زەنگوڵەیەک دەکەنە ملی تاوه‌كو کە هات ئاگاداربن.
ده‌شڵێت “باخه‌وانه‌كانى هه‌ورامانى ئه‌ودیو هه‌م ده‌یانه‌وێت باخه‌كانیان له زیانى به‌راز پارێزراو بن، هه‌میش به‌رازه‌كه سه‌لامه‌ت و بێ زیان بێت و مه‌به‌ستیان كوشتنى به‌رازه‌كان نییه”.
هه‌ورامان به‌هه‌ردوو دیوه‌كه‌یه‌وه 367 گوندى له‌خۆ گرتووه كه 342 یان كه‌توونه‌ته رۆژهه‌ڵاتى كوردستان و 25 گوندیش له باشوورى كورستانن، له هه‌ردوو دیوه‌كه به رێژه‌یه‌كی زۆر به‌راز هه‌یه به وه‌كو سوهرابی ده‌ڵێت، زۆرترین ژماره‌ى به‌راز له ناوچه‌كانى شێوه، بلده، دزڵێ و پاوه هه‌یه.