له ویلایه‌تێكی مالیزیا
هه‌ر پیاوێك نه‌چێته نوێژى هه‌ینى جگه له سزاى پێبژاردن دوو ساڵیش زیندانى ده‌كرێت
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
یه‌كێك له 13 ویلایه‌ته‌كه‌ى وڵاتى مالیزیا، بڕیاری ئه‌وه‌ى داوه كه هه‌ر پیاوێك نه‌چێته نوێژى هه‌ینى و ئه‌و نوێژه‌ى به‌بێ هۆكار دوابخات رووبه‌ڕووى سزادانى پێبژاردن و به‌ندكردن ده‌بێته‌وه.
ویلایەته‌كه، تێرێنگانۆی یه، بەپێی یاسا نوێیەکانی خۆى، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانى ده‌كات ته‌نانه‌ت هه‌ر پیاوێك یه‌كه‌مجار ئه‌و فه‌رامۆشییه‌ى بۆ نوێژكردن لێ رووبدات، سزاى پێبژاردنى سێ هه‌زار رینگیت (نزیكه‌ى 700 دۆلار) و ماوه‌ى دوو ساڵیش زیندانى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه، رۆژنامه‌ى گاردیانى به‌ریتانى به وردى به‌داوداچوونى بۆ ئه‌م بابه‌ته كردووه و بڵاویكردووه‌ته‌وه، بەپێی یاسای شەریعەت لەو ویلایەتەدا و ئه‌و یاسا نوێیانه‌شى كه دایناوه لەم هەفتەیەدا کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، كه له رۆژى دووشەممە لەلایەن پارتی ئیسلامی پان مالیزیای حوکمڕانەوە راگەیەندرا.
پارتی ئیسلامی پان مالیزیا (PAS) کە تێرێنگانۆ بەڕێوەدەبات، هەوڵیداوە جێبەجێکردنی ئایینی لە سەرانسەری چوار لە کۆی 13 ویلایەتی مالیزیا توندتر بکاتەوە کە کۆنترۆڵی دەکات.
پارتەکە خاوەنی هەر 32 کورسییەکەی ئەنجومەنی یاسادانانی تێرێنگانۆیە و هیچ ئۆپۆزسیۆنێکی نەماوە.
پێشتر ئەو کەسانەی سێ نوێژی هەینی لەسەریەکیان نەکردبوو، زۆرترین سزایان شەش مانگ زیندانیکردن یان غەرامەکردنیان تا هەزار رینگیت بوو.
فیل رۆبەرتسۆن، بەڕێوەبەری رێکخراوی ئاسیا بۆ مافەکانی مرۆڤ و داکۆکیکارانی کار (AHRLA) دەڵێت “ئه‌م جۆره یاسایانه ناوێکی خراپ بە ئیسلام دەبەخشن”.
ده‌شڵێت، ئازادی ئایین و باوەڕیش بە مانای ئازادی باوەڕنەکردن و بەشدارینەکردن دێت، بۆیە دەسەڵاتدارانی تێرێنگانو بە ئاشکرا مافەکانی مرۆڤ بەم یاسا دراکۆنە پێشێل دەکەن، “پێویستە ئەنوەر ئیبراهیم سەرۆکوەزیرانی مالیزیا سزاکان هەڵبوەشێنێتەوە”.
محەمەد خەلیل عەبدولهادی ئەندامی ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتی تێرێنگانو بە رۆژنامەی خۆجێیی (بێریتا هەریانی) راگەیاندووە، سزاکان تەنیا وەک دوا رێگەچاره دەسەپێنرێن.
وتیشی “ئەم بیرخستنەوە گرنگە، چونکە نوێژی هەینی تەنیا هێمایەکی ئایینی نییە بەڵکو دەربڕینی گوێڕایەڵییە لای موسڵمانان”.
ئه‌م یاسایه‌ى كه له ویلایه‌ته‌كه‌ى مالیزیا جێبه‌جێ ده‌كرێت، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2001 دەرچووە و لە ساڵی 2016 هەموارکرایەوە و سزای قورسترى بۆ تاوانەکانی وەک رێزنەگرتن لە رەمەزان و هەراسانکردنی ژنان لەبەردەم خەڵکدا داناوه.
مالیزیا کە زۆرینەی موسڵمانە، سیستەمێکی یاسایی دوو رێڕەوی هەیە، کە تێیدا ئیسلام ئایینی فەرمییە، بەڵام شانبەشانی یاسای مەدەنی کاردەکات، دادگاکانی شەریعەت دەسەڵاتیان بەسەر بابەتە کەسی و خێزانییەکان هەیە بۆ موسڵمانان، کە نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی وڵاتەکە پێکدەهێنن کە ژماره‌یان 34 ملیۆن کەسە.