گردبوونەوە
دانیشتووانی کونە سیخوڕە دامەزراندیان دەوێ
964+
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
“بۆ كرێكاری بیانی لێرە كار بكات كۆمپانیاكە 200 مەتر لەگوندەکەمان دوورە و ئێمە بێ کاربین”، ئەمە قسەی بەشێک لە گەنج و دانیشتووانی گوندی کونە سیخوڕە لە قەزای خەباتی هەولێر و داوای دامەزراندن لە کۆمپانیاکەی نزیک گوندەکەیان دەکەن.
کۆمپانیاکە کار بۆ دروستکردنی کەلوپەکی پاڵاوگە دەکات، بەڵام بە قسەی ئەوان بێت، پڕە لە کرێکاری بیانی.
ئەمرۆ سێشەممە 19.8.2025، لەنزیک کۆمپانیاکە کۆبوونەوە و وتیان ئامادەنین دامانبمەزرێنن و لەسەر شەقامی سەرەكی كانی قرژاڵە گردبوونەوە و ناڕەزاتیان دەربڕی لەدژی دانەمەزراندنیان.
ئەمیر نوری موختاری گوندی كونە سیخورە بۆ 964 وتی، گەنجەكانی ئەم گوندە بێ كارن بۆ كرێكاری بیانی لێرە كاربكات، دەمانەوێت گەنجەكانمان دابمەزرێن لەم كۆمپانیاییە کە ژمارەیان 50 کەسە و تەنیا کرێکاری بیانی لێرەیە، ماوەی چوار ساڵە لێرە كار دەكات ئێمە سوودمەند نەبووین.
لەلایەکی دیکەوە، مستەفا گوتونسول، خاوەنی كۆمپانیایی تالاكتیك بۆ 964 وتی، دووبارە بابێن دابنیشن لەگەڵمان، بەڵكو كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكەین، گەر ئەوان پسپۆری كارەكەی ئێمەیان هەبێت چۆن من كارمەند لەدەرەوە دەهێنم.
لەبارەی ئەوەی رەخنە لە کۆمپانیاکە گیراوە، کاری بۆ گوندەکە نەکردووە، خاوەنەکەی وتی، ماوەی دوو ساڵە نۆژەنكردنەوەی مزگەوت و قوتابخانەی گوندەكە ئێمە كردوومانە با نەڵێن هیچ سوودمەند نەبووین.
گوندی كونە سیخورە، سەر بەقەزای خەباتە 20 كیلۆمەتر لە پارێزگایی هەولێر دوورە و لە ئێستادا 80 ماڵە، ئەوەش بەقسەی موختاری گوندەكە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا