"ئەوە کەیسی یاساییە نەک میدیا"
پەرلەمانیش چووە ناو کەیسی منداڵە ونبووەکەی هەڵەبجەوە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
پەرلەمانی کوردستان لەرێگەی لیژنەی شەهیدانەوە داوای تەواوی دۆسیەی کوردەوانیان کردووە و دەیانەوێت بیکەنە کەیسێکی تەواو یاسایی و لە میدیاکانەوە دووری بخەنەوە.
رۆژی چوارشەممەی رابردوو، 15.2.2023 دادگای هەڵەبجە ئەنجامی پشکنینین DNAـی کوردەوانی بڵاوکردەوە و سەلماندبووی، کە کوردەوان کوڕی مەحمود فەتاحە.
دوای بڕیارەکەی دادگا، کوردەوان مەحمود لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا چیرۆکى ونبوون و دۆزینەوەیشى بۆ میدیاکان گێڕایەوە و رایگەیاند “تەمەنم دوو ساڵ و نیو بوو، برامە خانەى بێسەرپەرشتانى بەغدا و شەش مانگ لەوێ مامەوە، دواتر لەلایەن خێزانێکى کوردى کەرکوکەوە بە 10 هەزار دینارى سویسرى کڕدرامەوە”.
بەڵام باوکی کوردەوان، کە دەکاتە مەحمود فەتاح، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رەتی کردەوە کوردەوان کوڕی بێت، چونکە وتی ئەو لە کاتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا کوردەوانی کوڕی بە دەستی خۆی ناشتووە.
ئەندامێکی لیژنەی شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی، کە نەیویست ناوی بهێندرێ بە تۆڕی964ی راگەیاند: داوامان لەسەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە تەواوی دۆسییەکانی پەیوەست بەکەیسی کوردەوانمان بۆ بنێرن.
بۆ وەرگرتنی زانیاری پەیوەندیی بە پێنج ئەندامی لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی کوردستانەوە کرا، بەڵام وتیان ئەوان دەیانەوێت کەیسەکە لەناو میدیا دوور بخەنەوە بۆیە نایانەوێت قسەی لەسەر بکەن.
ئەو پەرلەمانتارەی کە قسەی بۆ تۆڕی 964 کرد وتی: دوای بەدەستگەیشتنی کەیسەکان ئێمە دەیخەینە سەر رێڕەویی یاسایی خۆی و هەرکارێک پێویست بێت بۆی ئەنجام دەدەین “ئەو کەیسە تەواو یاساییە و پیویستە دادگا بە پشتبەستن بەپشکنینەکان بڕیاری لێ بدات نەک هەرکەس هەستێ و بڕیاری لەبارەوە بدات”.