دیمەنی خۆڵبارین لە شاری هەولێر - وێنە: ئەرشیفی 964
چەند کاتژمێرێک دەمێنێتەوە
کاریگەری خۆڵبارین دەگات بە ئاسمانی سێ ناوچە
ئەحمەد مستەفا
پێشبینی دەکرێ لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەگەری کاریگەری شەپۆڵێکی خۆلبارین ڕوو لە ناوچەکانی بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان و سنووری باشووری پارێزگای هەولێر و بەشێک لە پارێزگای کەرکوک بکات.
ئەمە پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانە.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە راگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ شەممە 16.8.2025 باسی لەوەکردووە، کاریگەری ئەو خۆڵبارینە لە بەشەکانی باکووری رۆژئاوای عێراق سەرچاوەی گرتووە و پێشبنی دەکرێ کاریگەرییەکەی بۆ ماوەی چەند کاتژمێریک بمێنێتەوە لەسەر ئەو ناوچانە.
ئەوە لە کاتێکدا، بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى، خەریکە وردە وردە گەرما بەهێزەکە تێکدەشکێ و پلەکانى گەرما یەک بۆ دوو پلەى تریش دادەبەزن، ئەمڕۆ شەممە 16.8.2025، کەشناسى هەرێم پێشبینى کردووە پلەکانى گەرما 1 تا 2 پلەى سیلیزى داببەزن.
حاجى ئۆمەران فێنکترین ناوچەى کوردستانە و پلەکانى گەرما لەخوار 30 پلەى سیلیزییە، گەرمیانیش بە 46 پلەى سیلیزى گەرمترینە.
لەبارەى کەشى سبەینێ یەکشەممەش، بەهەمان شێوە ئاسمان ساماڵ دەبێت بۆ زۆرێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و پلەکانى گەرماش نزیکن لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ.