گەڕاندنەوەی ژمارەیەک کۆچبەر لە لیبیاوە - فۆتۆ: ئەرشیفی 964
"نزیکەی 400 کۆچبەر ماون"
شەش کۆچبەری کورد لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە
964+
ژووری هەواڵ
شەش کۆچبەری کورد لە لیبیاوە گەڕێندرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا دەڵێت، مانگێک هەماهەنگیان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرانە.
ئەحمەد سەحاف، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش نزیکەی مانگێکی تەواو لە هەماهەنگى لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانى لیبیا، شەش کۆچبەریان گەڕاندووەتەوە.
پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، بە 964ـی وت، ئەو شەش کۆچبەرەی لەلایەن باڵیۆزخانەى عێراقەوە گەڕێندراونەتەوە هاوڵاتی هەرێمى کوردستانن.
بە وتەی نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، لە ماوەی دوو هەفتەدا نزیکەی 30 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە گەڕێندراونەتەوە، نزیکەی 400 کوردی دیکەش لەو وڵاتە ماون بە ئامانجى گەیشتن بە ئەوروپا.
“هەوڵدەدەین لەگەڵ کەسوکاری ئەو کوردانە قسە بکەین بۆ گەڕاندنەوەیان”، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان وای وت.
لیبیا دەکەوێتە سەر دەریای سپی، چەند ساڵێکە کۆچبەران لەو وڵاتەوە بە بەلەم دەپەڕنەوە خۆیان دەگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا و داوای مافی پەنابەری دەکەن.