تۆڕی964 هۆکاری دانەبەزینی بەهای دۆلار ئاشکرا دەکات
+964
فەرمان سادق
لەگەڵ ئەوەی دوو هەفتە بەسەر بڕیارەکەی بانکی ناوەندی تێپەڕی لەبەرزکردنەوەی بەهای دینار بەڵام هێشتا بەهای دۆلار لە 150 هەزار دینارەوە دانەبەزیوە.
لە 8ـی ئەم مانگە، بانکی ناوەندی بڕیاری بەرزکردنەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمەریکی دەکرد کەبەگوێرەی بڕیارەکە بێت هەر 100 دۆلاری ئەمەریکی بە 132 هەزار دینار بەخەڵک بفرۆشرێت.
لەشەوی جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە، بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی لەسەرووی 170 هەزار دینارەوە دابەزی بۆ 145 هەزار دینار، بەڵام وردە وردە هەڵکشایەوە و گەیشتە 156 هەزار.
ئەمڕۆ چوارشەممە 22.2.2023، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لەبۆرسەی هەولێر بەرامبەر 153.500 دینارە.
لەبارەی هۆکاری دانەبەزینی بەهای دۆلار لەبازاڕەکاندا کەدوو هەفتە بەسەر بڕیارەکەی بانکی ناوەندی تێپەڕیوە، عەبدولئەحەد کەمال، خاوەنی کۆمپانیای شەمس و بەحر بە تۆڕی964ـی وت، هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ کەم خستنەڕووی دۆلار بە کاش بۆ بازاڕەکان لەلایەن بانکی ناوەندییەوە.
بەقسەی عەبدولئەحەد کەمال، دوێنێ سێشەممە، لەکۆی زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارەوە، تەنیا 35 ملیۆنی بە نەختینە خراوەتە بازاڕەکان، وتی “ئەو بڕە پارەیە بەشی یەک بازرگانیش ناکات، ئەمە وادەکات بازرگانەکانی دیکە ناچاربن روو لەبازاڕ بکەن”.
بانکی ناوەندی لەراگەیەنراوەکەیدا، ئامانج لەبڕیارەکەی گەڕاندەوە بۆ بەگژداچوونەوەی بەزربوونەوەی نرخی شتومەک و کاڵاکانە کە بەهۆی هەڵکشانی بەهای دۆلار نرخی ئەوانیش گران ببوو.