قەڵاى هەولێر
ئەمڕۆ هەینى
پشووەکەتان ببەنە قەڵاى هەولێر؛ تا 7ـى ئێوارە کراوەیە
964+
وریا فەتاح
ماوەیەکى زۆرە قەڵاى هەولێر لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە و خەڵکى لە بینینى بێبەش بوون، بەڵام ئەمڕۆ بۆماوەى سێ کاتژمێر دەرگا بەڕووى خەڵکدا دەکرێتەوە.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای بوژاندنەوەی قەڵای هەولێر (بەوەکالەت)، بڵاوى کردەوە، ماوەیەکی زۆرە خەڵک داوای بینینی ناو قەڵای هەولێر دەکات، لەبەر تەقدیری ئەو داواکاریەی خەڵکانی ئازیز و هەروەها بۆ سوود وەرگرتن لە کاری ئەندازیاری و کارگێڕی و تۆمارکردنی پێویستییەکان بۆ کۆمسیۆنەکەمان، ئەمڕۆ لە کاتژمێر 4ـى دوانیوەڕۆ تا کاتژمێر 7ـى ئێوارە کراوە دەبێت.
فەلاح حەسەن وتیشى،”هاوڵاتیان دەتوانن بچن و ئەو کارانە ببینن کە ئەنجامدراون”.
باسى لەوەشکردووە، بەهۆى ئەوەى کارکردن بەردەوامە بۆیە بەیەکجارى دەرگاکەیان نەکردووەتەوە.
داواش لەو هاوڵاتیانە دەکات کە ئەمڕۆ دەچن، پاکوخاوێنى رابگرن و هیچ شێتێک فڕێنەدەنە سەر زەوى.
قەڵای هەولێر لە 506 خانوو پێکهاتووە و لە حوزەیرانی ساڵی 2014 لەلایەن رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە لیستی کەلەپووری جیهانی دانراوە و وەك کۆنترین ناوچەی جیهان کە ژیانکردن تیایدا بەردەوامە، ناسێندراوە.
بە گوێرەی سەرچاو مێژووییەکان، ماوەی شەش هەزار ساڵە ژیانکردن لە قەڵای هەولێر بەردەوامە، قەڵاکە دەکەوێتە ناو جەرگەی هەولێر و رووبەرەکەی 110 هەزار مەتردووجایە و کۆکەرەوەی شارستانییە کۆنەکانی مێژووە و ناوەندێکی سەرەکیی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکانە لە جیهان.