تاكو لە وشكبونەوە رزگاریان بكەن
بە تەنکەر ئاو بۆ باخچەکانى گەرمک دابینكرا
964+
محەمەد فاتیح
لە هەڵمەتێكدا، بە تەنکەر ئاو بۆ باخچەکانى ناحیەی گەرمک دابینكرا و ئامانج لە هەڵمەتەکە، پاراستنی نەمام و رووەک و چیمەنی پارکەکانەی گەرمکه.
لەپێناو رێگریکردن لە وشکبون و لەناوچونى رووبەرى سەوزایی باخچەکان، سەرۆکایەتى شارەوانى گەرمک، هەڵمەتێکى ئاودانى لە رێگاى تەنکەرەوە دەستپێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویكردەوە، هەڵمەتەکە لەلایەن هۆبەى باخچە و ئامێرەکانى شارەوانى گەرمکەوە جێبەجێدەکرێ و ئامانج لێى پاراستنى نەمام و رووەک و چیمەنى پارکەکانە، بەتایبەت لەمساڵدا، کە وشکەساڵى و کەمئاوییەکى زۆر بەرۆکى هەرێمى کوردستانى گرتووە.
سەرۆکایەتى شارەوانى گەرمک، دڵنیایی دەدات، هەموو هەوڵێکى خۆيان ئەدەن تاکو رووبەرى سەوزایی ناحیەکە بە پارێزراوى بمێنێتەوە.
هەڵمەتەکە لەکاتێکدایە، ماوەیەک بەرلەئێستا بەڕێوەبەرایەتى گشتى شارەوانییەکانى سلێمانى، ئۆتۆمبێلێکى تایبەتمەندى بۆ شارەوانییەکە تەرخانکرد، لەپێناو دابینکردنى ئاوى پێویست لە وەرزى گەرمادا.