دوو کچ و ٤٨ کوڕ بەشدار بوون

پێشبڕکێی پاسکیلسواری لە سلێمانی بەڕێوە چوو

میدیازان – دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

بە بەشداریی دوو کچ و ٤٨ کوڕ، پێشبڕکێی پاسکیلکسواریی کرۆس کەنتری لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو و براوەی خەڵاتەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم خەڵکی شارەکانی حاجی ئاوا و کۆیە و هەولێر بوون.

ئەو پێشبڕکێیە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە لەژێر چاودێریی یەکێتیی پاسکیلسواریی عێراق لە شارەکانی هەرێم بەڕێوە دەچێت و هەر ساڵەی لە شارێکی هەرێم دەبێت، ئەمساڵ پێشبڕکێکە لە شاری سلێمانی و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە لە گەڕەکی قولەرەیسی لە نزیک سەرچنار بەڕێوە چوو.

“بە بەشداریی دوو کچ و ٤٨ کوڕ، پێشبڕکێی پاسکیلکسواریی کرۆس کەنتری لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو”

فەرهاد مەحمود، رێکخەری پێشبڕکێی پاسکیلسواریی کرۆس کەنتری بە میدیازانی راگەیاند: ئەم پاڵەوانێتییە بۆ سێهەم جارە لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت بەهۆی زۆریی بەرزونزمیی و سروشتی شاخاوییەکەیەوە، ٥٠ کەس بەشداریان کردبوو تەنها دوو کچ بەشدار بوون، مەودای پێشبڕکێکە لە ٢٦ کیلۆمەتر پێک هاتبوو، دوو خول بۆ کوڕان و خولێک بۆ کچان بوو.

“مەودای پێشبڕکێکە لە ٢٦ کیلۆمەتر پێک هاتبوو، دوو خول بۆ کوڕان و خولێک بۆ کچان بوو”

پلەی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە محەمەد عەلی، خەڵکی حاجی ئاوایە بە دەستی هێنا، پلەی دووەم محەمەد بەکر، خەڵکی کۆیە و پلەی سێهەم ئالان جەمال، خەڵکی هەولێر بە دەستی هێناوە.

“پاسکیلسواریی کرۆس کەنتری لە ناوچەی خۆڵ و گردەکاندا ئەنجام دەدرێت، دەبێت بەرزونزمیی زۆری تیادا بێت و پاسکیلی تایبەت بە شاخەوانیی تیادا بە کار دێت”، فەرهاد مەحمود وای وت.