شاری هەولێر کە هۆتێل دیڤان و ناوچەی ئیمپایەر دەرکەوتووە. فۆتۆ: 964+
هاوڵاتییانیش زۆر هاوكارمانن
فەرمانگەی ژینگەی هەولێر لە رێگای 964وە رێكارەكانی چارەسەركردنی ژینگەی پایتەخت دەخاتەڕوو
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەى پارساڵ، رێژەی پیسبونی ژینگەی شاری هەولێر بەرزبووەوە و زەنگی مەترسی لێدرا، بەڵام بە قسەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگە، ئێستا بەهۆی رێكارەكانەوە بە شێوەیەكی بەرچاو جیاوازی بەدیدەكرێت، ئاشكراشی دەكات زیاتر لە 200 دەرچوی ژینگەیان دامەزراندووە.
دڵشاد حوسێن هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، بۆ 964 باسی لەو رێكارانە كرد، كە گیراونەتەبەر بۆ پاكڕاگرتنی ژینگەی هەولێر، لەوانە دامەزراندنی 268 دەرچووى كۆلیژی زانست – بەشی تەندروستی ژینگەیی، كە وەك چاودێر دانراون بەسەر پڕۆژە پیسكەرەكانەوە و رۆڵێكی بەرچاویان هەیە لە پاراستنی ژینگەی هەولێر.
دڵشاد حوسێن باسی رێكارەكانیان بۆ پاككردنەوەی ژینگە لە هەولێر دەكات، كە بەم جۆرەیە:
– بە هۆی رێكارەكانمانەوە، دیاردەی تایە سووتاندن و خاشاك سووتاندن لە 95% كەمیكردووە.
– ئەو خواردنگەیانەی بە دار سووتاندن كار دەكەن ئاگادار كراونەتەوە، كە بە زووترین كات سیستمی فیلتەر دابنێن.
-نزیكەی 85 پاڵاوگە داخراون و ئەوانەشی بە نایاسایی و بە دزییەوە كاریان دەكرد، دراونەتە دادگا و پاڵاوگەكان ئێستا بە سیستمێكی نوێ كار دەكەن، كە دووكەڵ و بۆنی پیس ناهێڵێت.
-لەگەڵ كارگەكانی قیر و كارگەكانی تریش دانیشتمان كردووە و دەبێت سیستمی نوێ بەكار بهێنن.
– پڕۆژەی رووناكی، بووە هۆی خاوێنكردنەوەی 50% ژینگەی هەولێر، دوای كوژاندنەوەی 1800 مۆلیدە.
باسی ئەوەشی كرد، “سێ هێڵی گەرم لە هەولێر دانراوە و هاوڵاتییان زۆر هاوكارمانن و لە هەرچ شوێنێك ژینگە پیس بكرێت، یان تایە بسووتێنرێت، یان ئەگەر ئۆتۆمبێلێك دووكەڵ بكات، بە ڤیدیۆ بۆمان دەنێرن و ئێمەش رێكارەكان دەگرینەبەر و ئەو شوێنانە سزا دەدەین و ئاگاداریان دەكەینەوە”.
” ئێستا دەتوانین دڵنیایی بدەین ژینگەی هەولێر به بەراورد بە پارساڵ لە 85% فەرقی كردووە”، دڵشاد حوسێن هیرانی وا دەڵێت.