بۆ جێبەجێکردنی لێکگەیشتنەکان ژمارەیەک لیژنە لەنێوان هەولێر و بەغدا دەستبەکار دەبن
بۆ بودجە و یاسای نەوت لیژنەیەکی یاسایی دەچێتە بەغدا
+964
فەرمان سادق
ژمارەیەک لیژنەی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکدەهێنرێت، ئەمەش دوای کۆبوونەوە سیاسییەکان دێت کە بەقسەی بەرپرسانی هەرێم گەیشتوونەتە لێکگەیشتنی هاوبەش.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەڵێ، لەسەر بنەمای رێكکەوتنە سیاسییەکەی پێکهێنانی حکومەتەکەی سوودانی، بۆ داڕشتن و ئامادەکردنی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ و یاسای نەوت و گاز و چەندین بابەتی پەیوەندیدار، دوای کۆبوونەوەکان و لێکەگەیشتن، بڕیارە تیمێکی یاسایی بۆ تەواوکردنی داڕشتنی دەقە یاسایییەکان تایبەت بە پڕۆژەیاسای بودجە و یاسای نەوت و گاز، لەم دوو ڕۆژەدا سەردانی بەغدا بکات.
“لێکتێگەیشتنێک لەسەر بنەما گشتییەکان هەیە، بەڵام پێویستی بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەی زیاتر هەیە و لیژنە هاوبەشەکە لەچەند رۆژی داهاتوودا، بۆ كارپێكردن بەو لێکتێگەشتنەی نێوان هەردوولا لەسەری رێككەوتوون، دەستبەکار دەبێت”. جوتیار عادل وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە یاسای نەوت و گاز تەنیا بۆ چارەسەرکردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا نییە، بەڵكو كێشەی تەواوی عێراق چارەسەر دەکات و پێداچوونەوەش بە سێكتەری نەوتی عێراقدا دەکات.
لەدوای 2003ـەوە حکومەتی عێراق یاسای نەوت و گازی نییە، ئەوەی هەیە یاسای ساڵی 1976ـە کە ئەوکات عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵی نەبوو.