چەند جارێکە ئەوە دووبارە دەبێتەوە

چۆمان؛ بۆرى ئاوى ماڵێک بەهۆى پەڕۆیەکەوە گیرا

964+

وریا فەتاح

بەپێى گرتەڤیدیۆیەک کە تایبەت بە 964 نێردراوە، دەردەکەوێت لە چۆمان بۆرى ئاوى ماڵێک بەهۆى ئەوەى پەڕۆیەکى تێدایە بەتەواوەتى گیراوە و قەترەیەک ئاوى لێوە نایەت، بەڕێوەبەرى ئاوى قەزاکەش دەڵێت،”هیچ کەسێک گلەیى نەبووە و هەموو ئیشەکانمان رێکوپێکە”.

بەختیار بەهجەت دانیشتوویەکى گەڕەکى کۆسرەتانە لە قەزاى چۆمان، ڤیدیۆیەکى تایبەتى بۆ 964 ناردووە کە تێیدا دەردەکەوێت پەڕۆیەکى گەورە کە لە بۆرى سەرەکى ئاوى گەڕەکەکەیانەوە دەرچووە، چووەتە ناو بۆرى ئاوەکەیى و چۆڕەبڕى کردووە.

بە وتەى بەختیار بەهجەت، ئەوە سێیەم جارە بۆرى ماڵەکەى لێدەداتەوە و دوو جارى پێشتریش گیرابوو، بەڵام وەک ئەوەى باسى دەکات گیرانى بۆرییەکە ئەمجارە جیاوازە، چونکە ئەو پەڕۆیە گەورەیە و لە بۆرى سەرەکى گەڕەکەکەوە دەرچووە.

ئەو بە شێوەزارى شیرینى باڵەکایەتى وتیشى، هەرچی نەتدیتیە و فکرێ ناکەی، دەوێ بۆڕیێ دێت، ئەو دوو سێ هەفتانە هەموو شتەک دە بۆڕیێ ئاوێ هاتیە، بەس خوا هەڵناگری تا ئێستا حەفازەم تێدا نەدیتیە”.

روونیشى کردەوە، تاکە ماڵى ئەو کۆڵانەیە کە تووشى ئەو کێشەیە بووە، بەڵام ماڵى تریش هەن کە هەمان دۆخیان هەیە.

بە وتەى ئەو هاوڵاتییەى قەزاى چۆمان، کێشە لە سەرچاوەى ئاوەکەیە یان وەک دەڵێت،”فلتەرەکان مەزبووت نین و رێگە بە تێپەڕبوونى ئەو شتانە دەدەن، پێشتریش وردە شت زۆر لەگەڵ ئاوەکە هاتوون و راهاتووین لەگەڵى”.

لەسەر ئەو کێشەیە، 964 پەیوەندى بە ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەرى ئاوى چۆمان کرد، ئەو وێڕاى بێ ئاگایى لەو حاڵەتە، وتیشى،”کێشە لە ئاوى سەروچاوە نییە، هەروەها هەموو حەوزەکانیش سەرى مەنهۆڵەکانیان بە بەردى گەورە داپۆشراون بۆ ئەوەى کەس نەتوانێت بیانجوڵێنێت”.

“پێنج بۆ شەش ساڵە گرفتى شکانى بۆرى دروست نەبووە، پێشتریش گلەیى هەبووە کە لەسەرچاوەوە پیسى دێتە ناو ئاوەکە، بەڵام سەرى هەموو حەوزەکان داپۆشراوە”، ئازاد مستەفا واى وت.

داواشى کرد هەر کەسێک تووشى گرفت بووە و کێشەى ئاوى هەیە، پەیوەندیان پێوەبکات و کێشەکەى بۆ چارەسەر بکەن.

ئاو له‌ سه‌رچاوه‌ى كانیه‌ڕه‌شه‌وه‌‌ بۆ دوو گوندى ...

ئاو له‌ سه‌رچاوه‌ى كانیه‌ڕه‌شه‌وه‌‌ بۆ دوو گوندى چۆمان راده‌كێشرێت