"هەندێک بۆ رزق و رۆزی و هەندێکیش بۆ جوانی دەیکڕن"

داری پارە لە نەمامگەکانی هەولێریش بەردەستە و موشتەری خۆی هەیە

رێباز خدر – هەولێر

داری پارە کە لە کوردەواری خۆمان بە داری بوک و زاواش ناسراوە، هەندێک کەس بۆ هێنانی شانس و رزق و رۆزی و هەندێکیش هەر بۆ جوانی لەناو ماڵ دایدەنێن، دارەکە لە نەماگەکانی هەولێر بەردەستە و موشتەری تایبەتی خۆیشی هەیە.

بۆ زانینی چیرۆکی پشت ئەو ناوە پەیامنێری 964 چووەتە لای عوسمان زرار خاوەنی یەکێک لە نەمامگەکانی هەولێر، ئەو دەڵێت، “ئەو دارە زۆرتر لە ئەمریکا بۆ هێنانی رزق و رۆژی و پارە لەناو ماڵ دایدەنێن، لێرەش هەندێک کەس ئەو بڕوایەی هەیە، بەڵام 95٪ـی خەڵکی بەس بۆ جوانی دەیکڕن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە دارە لە هوڵەنداوە هاوردەی کوردستان دەکرێت، لەناو قەدەوە تێکهاڵاوە، بۆیە بە داری بوک و زاواش ناسراوە، نرخەکەشی لە نێوان 10 بۆ 140 هەزار دینارە، بەپێی قەبارە و گەورە و بچوکی دارەکە.

داری پارە ناوە زانستییەکەی “پاچیرا ئەکواتیکا” ـیە (Pachira aquatica) و زیاتر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری ئەمریکا گەشە دەکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری