حاڵەتەكانی گەستن كەمی كردووە

`”زیاتر لە 17 هەزار سەگ كۆكراونەتەوە و رێژەی پەلامار و گەستنیش 50% كەمی كردووە”

محەمەد فاتیح

لەوەتەی هەڵمەتی كۆكردنەوەی سەگە بێلانەكان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت، بە هەزاران سەگ كۆكراونەتەوە، بەڕێوەبەری شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێریش دەڵێت، پەلامار و گەستنی هاوڵاتیان لەلایەن سەگەكانەوە 50% كەمیكردووە.

بەڕێوەبەری شێڵتەری دڵدەدانی سەگ لە هەولێر حەسەن ئیسماعیل بە 964ی راگەیاند، یەكەم هەڵمەتی كۆكردنەوەی سەگەكان لە شاری هەولێر لە 27.9.2023 دەستیپێكردووە و تائێستاش بەردەوامن.

وتیشێ، ئەوان پێكدێن لە دوو تیم و سەر بە شارەوانیی هەولێرن، بە شەو و رۆژ خەریكی كۆكردنەوەی سەگە بێلانەكانن لەناو سەنتەری شاری هەولێر، تەنیا رۆژانی هەینی پشوویان هەیە.

“بە ماوەی نزیكەی دوو ساڵ، زیاتر لە 17 هەزار سەگمان لەناو سەنتەری هەولێر گرتووە و لە شێڵتەر كۆمانكردوونەتەوە”، حەسەن ئیسماعیل وای وت.

ئاماژە بەوەش دەكات، لە دوای دروستكردنی شێڵتەرەكەی هەولێر، پەلاماردانی سەگ كەمبووەتەوە و نزیكەی 50% حاڵەتەكان كەمیكردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت، ئەم كارە درێژخایەنە و پێویستی بە كاتێكی زۆرە، چونكە سەگەكانی دەروبەری شار، دووبارە داخڵی شار دەبنەوە و زۆر گرنگە تیمی كۆكردنەوەی سەگەكان لە دەرەوەی شاری هەولێریش دروست بكرێن.

لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە سەرەتای 2020، ژمارەی سەگە بێلانەكان لە ناو شارەكان و بە تایبەتی لە هەولێر، رووی لە زیادی كرد، جگە لەوە فراوانبوونی شار و ئاوەدانكردنەوەی شوێنە چۆڵەكان و كردنیان بە شوێنی نیشتەجێبوون و گەڕەك، كە شوێنی سەگەكان بوو، حاڵەتەكانی پەلامار و گەستنی هاوڵاتیانی لە لایەن سەگەكانەوە زیاتر كرد، بۆیە لە ئەیلولی 2023 شێلتەرێك بۆ كۆكردنەوەی سەگەكان لە هەولێر كرایەوە و شارەوانی سەرپەرشتی دەكات