لە تەواوبوندایە

پڕۆژەیەكی گەورەی ئاو لە كەركوك زیاتر لە 70 هەزار هاوڵاتی سودی لێ‌ دەبینن

محەمەد فاتیح

پڕۆژەی ئاوی ناوەندی تازە، لە ناحیەی تازەى سەر بە پارێزگای کەرکوک، بە توانای (2000) م3/س، لە تەواوبوندایە، كه خزمەت بە زیاتر لە (70) هەزار هاوڵاتی دەکات.

پڕۆژەکە له 95%ـى كارەكانی تێپەڕاندووە و چووەتە قۆناغی تاقیکردنەوە و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ 2025، بچێتە خزمەت هاوڵاتییانەوە.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق، باس لەوە دەكات، پڕۆژەکە بریتییە لە وێستگەی پاڵاوتنی ئاو و تەعقیمکردن و ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی 70 هەزار کەس لە قەزای تازە و ناوچەکانی دەوروبەری دابین دەکات.

كێشەی كەم ئاویی تازە چارەسەر دەكات

پرۆژەکە، دەکەوێتە سەر رووبەری 28  هەزار مەتر چوارگۆشە و پێکدێت لە چەندین باڵەخانە و سێ حەوزی نیشتنەوە و حەوزێکی کۆکردنەوە و یەکێکی دیکە بۆ پاڵاوتنی ئاو، هەروەها چوار هێڵی گواستنەوەی تیرەی جیاواز لەخۆدەگرێت.

لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەشدار دەبێت لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بۆ قەزای تازە و ناوچەکانی دەوروبەری و نەهێشتنی کەم ئاويى، کە ئەو ناوچانە بەدەستیەوە دەناڵێنن.