گرنگی بە ئاسایشی خۆراک دراوە

حکومەتی هەرێم: وەبەرهێنانی کشتوکاڵی بۆ 10% زیادی کردووە

ئەحمەد مستەفا

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، پشتیوانیکردنی بەرهەمی ناوخۆیی و بەهێزکردنی زیاتری ژێرخانی ئابووری هۆکار بووە بۆ ئەوەی، وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە 1.8% بۆ 10% زیاد بکات.

رۆژی چوارشەممە 6.8.2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاندووە، گرنگیدان بە ئاسایشی خۆراک یەکێک لە کارە لەپێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

بۆ ئەو مەبەستەش سێ سایلۆ دروست کراون و چەند سایلۆیەکیش لە دروستکردندان؛ کە دەتوانن 200 هەزار تۆن گەنم کۆگا بکەن.

ئاماژەی بەوە کردووە، وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە 1.8% بۆ 10% زیاد کردووە، 30 هەزار خانووی پلاستیکی و 319 کۆگای ساردکەرەوە بۆ کۆگاکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دروست کراون.

هەروەک، زیاتر لە 11 هەزار کۆمپانیا تۆمار کراون، هەزار و 650 کارگەی نوێ دامەزراون، جگە لەوانەش بۆ یەکەمجارە بە فەرمی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەناردەی وڵاتان کراون.